وەزارەتی پلاندانانی عێراق: دەبێت هەولێر 50%ی داهاتی نانەوتی رادەست بکات بۆ گەرەنتیکردنی مووچە

 
رووداو - بەغدا

بۆ ناردنى مووچە، بەغدا چاوەڕێى رادەستکردنى داهاتی نێوخۆیی هەرێمی کوردستانە و ئەندامێکی بەشدار لە کۆبوونەوەکانی نێوان نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابووری و دیوانی چاودێریی دارایی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی عێراق دەڵێت، هەولێر بە مەرج ئامادەیە 50%ی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا بکات.
 
عەبدولزەهرا هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی گرنگی دا. بڕیارەکە ئەوەیە کە دەبێت حکومەتی هەرێم 50%ی داهاتە نانەوتییەکان، کە لە گومرگ و باجەکان پێکهاتووە، رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات. لە بەرامبەردا گرەنتی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی وەربگرێت لە بەرامبەر داواکارییەکانی وەکو ئاوەدانکردنەوە و مووچەی فەرمانبەران و بابەتی بەبانکیکردنی مووچە و یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسانە."
 
کۆبوونەوەی هەردوولایەن بووەتە نووسراوێکی هاوبەش و بڕیارە لە کۆبوونەوەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێبدرێت.
 
یاسر حوسێنی، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازیی پەرلەمانی عێراق گوتی، "داهاتی خاڵە سنوورییەکان بەپێی دەستوور دەبێت 50%ی داهاتەکە بۆ ئەو پارێزگایە بێت کە دەکەوێتە بازنەی کارگێڕیی ئەو خاڵە سنوورییانە. ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئامادەیی خۆی دەرنەبڕێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم خاڵە دەستوورییانەی لەسەریەتی و جێبەجێیان بکات، هاوشێوەی بودجەی ساڵانی رابردوو؛ ئەگەر ئەم خاڵانە چارەسەر بکرێن، هەموو کێشەکانی نێوان ئێمە و هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبن."
 
ئەگەر لە ساڵی 2003وە تاوەکو 2013 کێشەکانی هەولێر و بەغدا زیاتر لەسەر خاک و ناوچە کوردستانییەکان بووبێت، ئێستا نزیکەی 11 ساڵە کێشەی بودجە و بڕینی قوت و مووچەشی هاتووەتە سەر و لەگەڵ هەر کێشەیەک دەیان لیژنە و کۆبوونەوەی پێویستە.
 
بە رادەستکردنی 50%ی داهاتی نانەوتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و بەبانکیکردنی هەژماری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئیدی بیانویەک نامێنێتەوە لەبەردەم بەغدا بۆ دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەڵبەت ئەگەر بەغدا نیەتێکی جیدیی هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە هات و نەهاتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.