رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدڕاڵی بڕیارێکی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە دەرکرد و دەڵێت: بڕیارەکە نادروستە.
دادگەی باڵای فیدڕاڵی، لە بڕیارێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی ئایاری 2024 بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: دوێنێ دووشەممە، بڕیاری ژمارە 86ـی فیدڕاڵیی 2024ـی دەرکردووە و تێیدا بڕگەی دووەمی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە کۆبوونەوەی رۆژی 27ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانەوە دەریکردووە و نادروستە.
پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 27ـی کانوونی دووەمی 2024، بڕیاریدا هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دوابخرێت تاوەکو ئەو کاتەی دادگە ئەو سکاڵایانە یەکلایی دەکاتەوە کە لەوبارەیەوە تۆمارکراون.
رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن"، بەڵام حەلبووسی تۆمەتەکانی رەتکردەوە.
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق، 14ـی کانوونى دووەمی 2024، دانیشتنى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانى بۆ کاتێکى نادیار هەڵگرت، لە پاش ئەوەى دەنگدانەکە گەیشتە گەڕى دووەمى دەنگدان لە نێوان شەعلان کرەیم، لەگەڵ سالم عیساوى، بەربژێرى هاوپەیمانیى سەروەرى.
18ـی مانگی رابردوو شەعلان کرەیم، لە بەربژێربوون بۆ سەرۆکی پەرلەمان کشایەوە، دوای ئەوەی زیاتر لە سێ سکاڵای لەسەر تۆمارکرا و تۆمەتی بەعسیبوونی درابووە پاڵ، لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی تێیدا پەسنی سەدام حوسێن دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ