وەزارەتی ناوخۆی عێراق: زیاتر لە 1800 کەس بەهۆی بازرگانیی بە مرۆڤەوە دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، ساڵی رابردوو زیاتر زیاتر لە 1800 کەسیان لە چوارچێوەی بازرگانیی بە مرۆڤەوە دەستگیر کردووە.
عەمید سەرمەد موسەدەق، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی گوتووە، ساڵی رابردوو 1886 کەسیان لەچوارچێوەی بازرگانیی بە مرۆڤەوە دەستگیر کردووە.
دەستگیرکراوەکان 1230یان سواڵکەر "دەرۆزەکەر" بوون، 636ـی دیکەشیان بە تۆمەتی بازرگانیی بە مرۆڤەوە دەستگیرکراون.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، 252 کەس، کە بە تۆمەتی بازرگانیی بە مرۆڤ دەستگیرکراون، سزادراون. 204کەسیش قوربانیی بازرگانیی بە مرۆڤ بوون و 202 کەسیش تۆمەتی سێکسییان دراوەتە پاڵ.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لێژنەیەکی بۆ کەمکردنەوەی بازرگانیی بە مرۆڤ پێکهێناوە، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: "لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر شممەری و ئەندامێتی ژمارەیەک دامەزراوەیە. ئەو لیژنەیە کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مرۆڤ دەکات کە تاوانێکی گەورە و مەترسییەکی نێودەوڵەتییە."
عێراق ژمارەیەک رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی و عەرەبیی واژۆکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بازرگانی بە مرۆڤەوە.