سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی هیشام هاشمی دەرچوو

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی تاوانەکانی رەسافەی بەغدا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنیی عێراق دەرکرد. سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە لای دەزگاکانی حکومەتە.
 
رۆژی یەکشەممە 7-5-2023، دادگەی تاوانەکانی رەسافە لە بەغدا سزای لەسێدارەدانی بۆ بکوژی هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنیی عێراقی دەرکرد کە ئەفسەرێکی وەزارەتی ناوخۆیەوە.
 
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دروستیی هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، "دوای پێنج جار لە دواخستنی دانیشتنەکانی دادگە، ئەو بڕیارە دەرچوو و جێبەجێکردنیشی لای دەزگاکانی حکومەتە."
 
شەوی 6ـی تەممووزی 2020، هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنیی عێراقی و گۆشەنووسی تۆڕی میدیایی رووداو لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراو لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە بەغدا لەلایەن ژمارەیەک چەکداری دەمامکدارەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. دوای ساڵێک لە کوژرانی، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دەستگیرکردنی بکوژانی هاشمی راگەیاند. 
 
یەکێک لە بکوژانی هیشام هاشمی، کەسێک بوو بە ناوی ئەحمەد کینانی، کە ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بووە و لە کاتی خۆیدا دانپێدانەکەی لە میدیاکان بڵاوکرایەوە.
 
رۆژی 12-03-2023 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لە خۆپێشاندانەکانی کۆتایی ساڵی 2019ـی عێراق کرد کە 600 گەنجی تێدا کوژرا و 24 هەزار کەسیش بریندار بوون.
 
کازمی باسی "تیمی مەرگ"ـی کرد لەنێو دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان و گوتی، "بوونیان لەنێو دەزگایەکی دیاریکراو دەقۆستەوە بۆئەوەی کاری کوشتنی چالاکڤانان و تۆقاندنیان بکەن. ئەوان دەستگیرکران و دانیان بە تاوانی گەورەدا نا؛ ئەو کەسەشی کە هیشام هاشمی کوشت، ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ بوو و لەگەڵ یەکێک لە گرووپە چەکدارەکان کاری دەکرد".