دژەتیرۆری عێراق: هاوئاهەنگیی باڵامان لەگەڵ ئاسایش و پێشمەرگە هەیە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق دەڵێت، هاوئاهەنگی لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی هەرێمی کوردستان گرنگە و لە ماوەی رابردووشدا ئەو هاوئاهەنگییە پەرەی پێدراوە. 
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە چەکدارانی داعش چەندین هێرشیان ئەنجامداوە، لەوانەش هێرشی 1ی مانگ بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە سنووری پردێ؛ هێرشی 3ی ئایار بۆ سەر سوپای عێراق و حەشد لە سنووری رەشاد و هێرشی 5ی مانگ بۆ سەر کێڵگەی نەوتی بای حەسەن لە کەرکووک.
 
داعش سوود لەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە دابڕێندراوەکان هەن وەردەگرێت، دوای ئەو هێرشانەش هەوڵێکی جیدی بۆ دروستکردنی هاوئاهەنگیی نێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە دەدرێت.
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ هاوئاهەنگییەکی هەواڵگریی زۆر باڵا لە نێوان دەزگای دژە تیرۆر و برایانمان لە ئاسایش و پێشمەرگە هەیە. هەروەها لەگەڵ دەزگاکانی دژە تیرۆر لە هەولێر و سلێمانی لە ماوەی رابردوودا هاوئاهەنگییەکی باڵامان هەبوو، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەندین سەرکردەی داعش لە ناوچەکان لە نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان، تەنانەت تیرۆریست هەبوون خۆیان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان حەشاردابوو، بەڵام بە هاوئاهەنگی لەگەڵ برایانمان لە ئاسایش و دەزگاکانی دژەتیرۆر دەستگیرکران."
 
لەبارەی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگییەکان گوتەبێژی دەزگای دژە تیرۆری عێراق دەڵێت، "ئەو هاوئاهەنگییە باڵایە لە ماوەی داهاتوودا بەردەوام دەبێت، چونکە مەبەست و ئامانجمان یەکە، ئەویش لەنێوبردنی ئەو رێکخراوە و پاراستنی ئاسایشی عێراقە لە هەموو ناوچە و هەرێمەکانی".
 
وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارتی بەرگریی عێراق ماوەیەکی زۆرە رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی 6 ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوانیان لە دیالە، کەرکووک، مەخموور، موسڵ، هەولێر و بەغدا، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا ژوورەکانی هەولێر و بەغدا دروستکراون.
 
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق دەڵێت، "پشت بەخودا نیازمان هەیە لەگەڵ هێزەکانی پاسەوانی هەرێمی کوردستان کاری هاوبەش بکەین، سەرجەم لێدوانەکان و راگەیاندنەکان هاندەرن بەو ئاراستەیە، حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی جەخت لە کاری هاوبەش دەکەنەوە بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوان هەردوولا پڕبکرێنەوە، هیوا دەخوازین لە رۆژانی کەمی داهاتوودا کاریان بۆ بکرێت".
 
لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی یەکشەممەی رابردووی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق داواکرا ئەو چوار ژوورەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی کە ماون دروستبکرێن، بۆیە چاوەڕوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو ژوورانە کارا بکرێن.