عادل عەبدولمەهدی حکومەتی رادەستی مستەفا کازمی کرد
رووداو - هەولێر
نووسینگەی رۆژنامەواینی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕکردن لەنێوان کابینەی کازمی و عادل عەبدولمەهدی لە ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، کازمی گوتی "سوێندمان خواردووە ئەو وڵاتە بپارێزین".
لە بەیاننامەیەکدا نووسینگەی رۆژنامەوانیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند "لە تەلاری کۆشکی سەرۆکایەتیی حکومەت رێوڕەسمی ئاڵوگۆڕکردنی بەرپرسیارێتیی پۆستە وەزارییەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوە بەڕێوەچوو".
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێوڕەسمەکەدا گوتی "سوێندمان خواردووە ئەو وڵاتە بپارێزین و ئارامی بۆ هاونیشتمانیان فەراهەم بکەین، پەیامێک بگەیەنین کە ئەو حکومەتە کاردەکات بۆ ژیانێکی پارێزراو و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان لە بوارەکانی ئەمنی، ئابووری و تەندروستی کە رووبەڕووی وڵات دەبێتەوە".
لای خۆیەوە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوە پیرۆزبایی لە حکومەتی نوێ کرد و بە گرنگییەوە باسی لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات کرد وەکو دیوێکی پرۆسەی دیموکراسی، ئاماژەشی بە دەستنیشانکردنی کەسانی لێهاتوو بۆ کابینەی نوێی حکومەت کرد و داواشی لە کابینەی پێشووی کرد کە هاوکاریی وەزیرە نوێیەکان بکەن بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی نوێ.
ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی 7ی ئایار پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ متمانەی بە کابینەکەی مستەفا کازمی بەخشی.