سوودانى: پار 156 تریلیۆن دینارمان خەرج کردووە

07-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، خەرجى ساڵى 2024 گەیشتووەتە 156 تریلیۆن دینار، کە 90 تریلیۆن دینارى بۆ مووچە بووە.
 
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، بە گوێرەى ژمێرەى کۆتایی، لە کۆى 213 تریلیۆن دینارى بودجەى پار، 156 ترلیۆن دیناریان خەرج کردووە.
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەدا، پار 40 تریلیۆن دینار  وەک بودجەى بەکاربردن خەرج کراوە و 26 تریلیۆن دینارى دیکەش بۆ وەبەرهێنان بووە، لەو بڕەش 13 تریلیۆن دینار بۆ گەڕى گرێبەستەکانى تایبەت بە نەوت و گاز بووە. 
 
ئەو گوتانەى سوودانى بە بۆنەى دەستپێکردنى کارەکانى ئەنجوومەنى هەمیشەیی پەرەپێدانى کەرتى تایبەت بوو لە عێراق کە رۆژی دووشەممە 7ى نیسانى 2025 دەستیپێکرد.
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەدا، سزادانى هەندێک لەبانکەکان لەسەر بنەماى قۆناخى رابردوو بووە و ئێستا سەرجەم رێوشوێنە بانکییەکان لە رێگەى کۆمپانیاى نێودەوڵەتیى باوەڕپێکراو و وردبینى دەکرێت. 
 
سوودانى گوتى: "پێویستە پارێزگارى لە بەرهەمەکانمان بکەین لەو سیاسەتى نغرۆبوونەى کە بازاڕەکانمان رووبەڕووى دەبنەوە و یەکێکە لە هۆکارەکانى پاشەکشێى پیشەسازیى عێراق لە بەرهەمهێنانى ئەوەى کە بازاڕ پێویستێتى". 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە