عێراق

وێنەیەکی پیاز و هێلکە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان؛ وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە و لەلایەن بڵند تاهیر، فۆتۆجۆرناڵیستی رووداو گیراوە
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
عێراق هاوردەکردنى هێلکە و پیازى راگرت و دەرگاشى بەڕووى هاوردەکردنى حەوت بەرهەمى کشتوکاڵى کردەوە، هەروەها بڕیاری دا پشکنینى ئەو کاڵایانە رابگرێت کە بۆ وەزارەتى بەرگرى هاوردە دەکرێن.
ئەو بڕیارانە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزارى بۆ ئابوورى دەرکران، کە ئەمڕۆ دووشەممە 7ى نیسانى 2025 کۆبووەوە.
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى ئەنجوومەنەکە، بڕیاردرا رێگە بدرێت بە هاوردەکردنى بەرهەمەکانى تەماتە، پەتاتە، قەڕنابیت، کەلەرم، کاهو، شێڵم و چەوەندەر.
ئەنجوومەنى وەزارى بۆ ئابوورى رایگەیاند، رێگەدان بە هاوردەکردنى ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانە بەهۆى ئەوەیە کە وەرزی کشتوکاڵى نێوخۆیی ئەو بەرهەمانە کۆتایی هاتووە.
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەى ئەو ئەنجوومەنە، رێگرى بوو لە هاوردەکردنى هێلکەى خواردن و پیاز بوو، بەهۆى ئەوەى لە بازاڕە نێوخۆییەکاندا هەیە.
فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەی عێراق سەرۆکایەتیى ئەو ئەنجوومەنە دەکات و وەزیرانى پلاندانان، دارایی، کشتوکاڵ، کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى، ئەمیندارێتیی گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران و بریکارى وەزارەتى نەوت، نوێنەرانى دەستەى وەبەرهێنانى نیشتمانى و دەستەى راوێژکاریى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى ئابوورى و یاسایی تێیدا بەشدارن.
ئەنجوومەنى وەزارى بۆ ئابوورى بڕیاری دا کەلوپەلە هاوردەکراوەکان بۆ وەزارەتى بەرگرى بە هۆکاری تەکنیکی و ئەمنی لە خاڵە سنوورییەکان نەپشکندرێن، لەبرى ئەوە پشت بە رێکارى پشکنینى تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى وەزارەتى بەرگرى ببەسترێت.
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى ئەنجوومەنەکە، تاوتوێى بڕیارى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکایان کردووە لە بارەى پێناسەى گومرگى، راوێژکارانى ئابوورى راپۆرتێکیان لە بارەى تەرازووى بازرگانیى نێوان عێراق و ئەمریکا و کاریگەرى لەسەر بازاڕ پێشکێش کردووە.
1ـى نیسانى 2024 دۆناڵد ترەمپ، پێناسە گومرگییەکانى لەسەر کاڵاى هاوردەکراو بۆ ئەمریکا راگەیاند، 39% گومرگى خستە سەر ئەو کاڵایانەى لەعێراقەوە هەناردەى ئەو وڵاتە دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ