نووری مالیکی: ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم هەیە و عێراقیش لە کاریگەرییەکانی بەدەر نییە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، جیهان لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم نزیک دەبێتەوە و عێراقیش لە کاریگەرییەکانی بەدەر نابێت.
 
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی رۆژی شەهیدی فەیلی کە رۆژی 6ـی نیسانی 2024 لە بەغدا بەڕێوەچوو، رایگەیاند، "ناوچەکە و جیهان لە جووڵەی زۆر مەترسیداردان و لە لێوارەکە نزیک دەبینەوە؛ شەڕێک هەیە کە تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێنێت و رەنگە فراوان بێت و ببێتە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانیی سێیەم." 
 
نووری مالیکی ئاماژەی بەوە کرد، عێراق لە کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە بەدەر نابێت، گوتیشی "بۆیە دەبێت قسەمان یەک بێت و پێکهاتەکانی عێراق بۆ پاراستنی سیستم و دەوڵەت یەکبگرن و دژی هەموو ئەو میکانیزمانە بوەستینەوە، کە هەڕەشە لە کۆمەڵگە دەکەن."
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رەخنەی لە سیاسەتی ئیسرائیل گرت و بە هۆکاری سەرەکیی کێشەکانی ناوچەکەی ناوبرد و باسی هێرشەکەی دووشەممەی رابردووی سەر کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەی ئێرانی لە دیمەشق کرد، گوتی "هەموویان دژی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکانن، بەڵام کاتێک زایۆنییەکان هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە سووریا، کەس قسە ناکات." 
 
ئەو جەنگەی نووری مالیکی باسی دەکات؛ دەکرێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم؛ جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلە کە شەش مانگە بەردەوامە. 
 
جەنگەکە کاریگەریی لەسەر بەشێکی ناوچەکەش هەبووە، لەوانەش زیادبوونی گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل؛ زیادبوونی گرژییەکانی دەریای سوور. لە سێ مانگی سەرەتای جەنگەکەشدا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران زیاتر لە 160 جار هێرشیان کردە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە باشووری کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، سووریا و عێراق. 
 
نووری مالیکی رەخنەی لە گەنجانی عێراقیش گرت و گوتی، "زۆربەی گەنجانی عێراق لەبارەی تاوانەکانی بەعسەوە هیچ شتێک نازانن" و سەبارەت بە کوردانی فەیلیش رایگەیاند، "فەیلییەکان رووبەڕووی قێزەوەنترین ئەو تاوانانە بوونەوە، کە لەلایەن رژێمی بەعسەوە کران". 
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا باسی لەو ستەمانە کرد بەرامبەر کوردانی فەیلی کراون و گوتی، "ئەوان رووبەڕووی دوو رق بوونەوە. یەکێکیان رقی نەتەوەیی کە حیزبی بەعس رقی لە هەموو نەتەوەکانی دیکە بوو. ئەوی دیکە رقی تائیفی بوو کە بەعس بەرامبەر سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە هەیبوو."  
 
لە ساڵانی حەفتاکانی و هەشتاکانی سەدەی رابردوو، دەسەڵاتی بەعس سیاسەتێکی سەرکوتکاری تووندی بەرامبەر کوردانی فەیلی پەیڕەو کرد. بەپێی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق، زیاتر لە 20 هەزار شەهیدی فەیلی و 130 هەزار خێزانی کۆچپێکراو هەن.