عێراق
کۆبوونەوەی جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەگەڵ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق باسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، بڕیاری دادگە روونە کە نابێت فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە مووچەکانیان بێبەش بن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی نیسانی 2024 جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگەی فیدراڵی، لە کۆبوونەوەکەدا باسی رۆڵی نێردەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بەتایبەت رۆڵی لە هەڵبژاردنەکان کراوە.
هەردوولا لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش قسەیان کرد و لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "باسی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی خانەنشینان، فەرمانبەران و سوودمەندانی پاراستنی کۆمەڵایەتی و کاریگەریی بڕیارەکە لەسەر دابەشکردنی مووچەیان کردووە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بابەتەکە پەیوەندی بە کێشەی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەوە هەیە."
سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، "دادگەکە لە بڕیارەکەیدا ئەوەی روونکردووەتەوە کە نابێت کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ببنە هۆکاری بێبەشبوونی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە مووچەکانیان و پێویستە هەمان مامەڵەی سەرجەم فەرمانبەرانی دیکەیان لە پارێزگاکانی عێراق بۆ بکرێت."
لە کۆبوونەوەکەدا باسی دەسەڵاتەکان بەتایبەت دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە دەستووردا کراوە و لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش هاتووە، "سەرۆکی دادگەکە گوتی پێویستە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی لە چارەسەرکردنی ئەو رێگرییانە هەبێت کە رووبەڕووی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەبنەوە."
یاسای بودجەى گشتی لە 12ى حوزەیران لە پەرلەمانی عێراق پەسندکرا و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
بەڵام دوای ئەوەی یاساکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە،یاساکە و جێبەجێکردنی کێشەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی دروستکرد.راگرتنی نەوتی کوردستان،داهات و خەرجییەکان لە دیارترین ئەو کێشانە بوون لەپاڵ مووچەی فەرمانبەران کە هەردوولای خستە دۆخی یەکدی تۆمەتبارکردنەوە.
21ـی شوباتی 2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بەوەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان "نادەستوورییە" و لەمەودوا دەبێ راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە مووچەیان بۆ خەرج بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ