دادگەی فیدراڵی داواکارییەک لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی عێراق داوایەکی لەبارەی پەلەکردن لە خەرجکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەی عێراق هاتووە، رەتکردەوە. سکاڵاکارەکە پارێزەرێکی کوردە و دەڵێت، "ئەمڕۆ ئاگادارکرامەوە کە داواکارییەکەم رەتکراوەتەوە."
پارێزەر ئازاد دۆسکی کە سکاڵاکەی تۆمار کردووە، ئەمڕۆ یەکشەممە 07-04-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سکاڵایەکم لە دادگەی فیدراڵی تۆمار کرد و داوام کرد، حکومەتی عێراق بە پێدانی پشکی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێت. هاوکات داوام کرد دادگەکە فەرمانێکی بەپەلە بۆ خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەربکات بۆئەوەی کێشە دروستنەبێت بەهۆی ئەوەی هەناردەی نەوت راگیراوە. دادگەکە ئەمڕۆ وەڵامی دامەوە و دەڵێت، فەرمانی بەپەلە بۆ ئەو بابەتە پێویست نییە."
بڕیارە دادگەی فیدراڵی رۆژی 28ی نیسانی 2024 تاوتوێی سکاڵاکە بکات، کە لەلایەن ئازاد دۆسکییەوە لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت تۆمار کراوە.
لە سکاڵانامەکەدا سکاڵاکار داوایکردووە، دادگەکە سکاڵالێکراوان پابەند بکات بە جێبەجێکردنی مادەکانی (13،12،11،1)ـی یاسای ژمارە 13ـی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024، 2025.
ئازاد دۆسکی لەبارەی سکاڵایەکەوە بە رووداوی گوت، "داواکارییەکەم بۆ ئەوەیە عێراق بودجەی کوردستان خەرج بکات، چونکە ئەگەر پشکی کوردستان بنێردرێت وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەدا هەیە، کێشەی مووچەش چارەسەر دەبێت؛ بۆیە دەبێت حکومەتی عێراق رێژەی 12.67% کە لە یاسای بودجەدا دیاریکراوە، بنێرێت."
ئەو مادانەی لەلایەن ئەو پارێزەرەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە پەیوەستن بە پشک، خەرجی و نەوتی هەرێمی کوردستانەوە.
یاسای بودجەى گشتی لە 12ى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە و قەبارەکەی زیاتر لە 198 تریلیۆن و 910 ملیار دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
بەڵام دوای ئەوەی یاساکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، جێبەجێکردنی کێشەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی دروستکرد؛ راگرتنی نەوتی کوردستان و داهات و خەرجییەکان لە دیارترین ئەو کێشانە بوون لەپاڵ مووچەی فەرمانبەران هەردوولای خستوەتە دۆخی یەکدی تۆمەتبارکردنەوەوە.