رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی گێڕانەوەی پارەی عێراق دەڵێت، بڕی زیاتر لە دوو ملیار دیناری عێراقییان لە پارەی سەردەمی دەسەڵاتی بەعس گەڕاندوەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پارەکە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
ئەیمەن داود سەلمان، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی گێڕانەوەی پارەی عێراق دەڵێت، توانیویانە بڕی یەک ملیۆن و 918 هەزار دۆلاری ئەمریکی کە دەکاتە زیاتر لە دوو ملیار و 267 ملیۆن دیناری عێراقی بگێڕنەوە بۆ عێراق، دوای ئەوەی ئەو پارەیە لە هەژماری کۆمپانیای هێڵی شەمەندەفەری سەر بە دەسەڵاتی بەعس وەرگیرایەوە.
گێڕانەوەی ئەو پارەیە لەکاتێکدایە، رۆژی 1ـی نیسانی 2024، سندووقەکە لە راگەیێندراوێکدا گەڕاندنەوەی زیاتر لە 4 ملیار و 386 ملیۆن دیناری لە هەژماری گاردی کۆماریی سەردەمی بەعس بۆ عێراق راگەیاند و گوتی، "ئەو هەژمارە بانکییەی خاوەنی دامەزراوەی گاردی کۆماری دۆزیوەتەوە و ئەو پارەیەی تێدا بووە"، بێ ئەوەی ئاماژە بۆ ئەوە بکات ئەو هەژمارە لە بانکەکانی عێراق بووە یان بانکی بیانی.
رۆژی 23ـی ئایاری ساڵی 2021، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری ئەو کاتی عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، قەبارەی ئەو پارەیەی لەدوای ساڵی 2003ـوە بە گەندەڵی براوەتە دەرەوەی عێراق، لە 150 ملیار دۆلار زیاترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ