لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و نێچیرڤان بارزانی دا باسی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا

07-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، کە بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی بەڕێوەچوو، دەڵێت، "باسی چارەسەرکردنی دۆسییە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان کراوە."
 
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 07-04-2024 لەبارەی کۆبوونەوەی شەوی رابردووی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا باسی ژمارەیەک دۆسیەی نیشتمانی، دۆخی گشتی، جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و ئەو پێشڤەچوونانەی لە بەهێزکردنی کاری هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی هاتوونەتە کایەوە، کرا."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا باسی "تەواوکردنی رێکارەکان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە کارگێڕی و تەکنیکییە هاوبەشەکان" کرا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی "جەختی لە جیدییەتی حکومەت کردووەتەوە لە کارکردن بۆ چەسپاندنی هاوبەشییەکی بونیادنەرانەی بەرهەمدار، بە جۆرێک کە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ئاستی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموو عێراقییەکان لە هەموو عێراق هەبێت"، ئەوە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقە تایبەت بە کۆبوونەوەکە.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا خراوەتەڕوو، هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەدیهێنانی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی بەدەستهاتوو کرایەوە.
 
جگە لەوەش، ئەو سەرکردانەی لە کۆبوونەوەکەدا بوون، "هەنگاوە بەدیهاتووەکانیان لەپێناو چارەسەرکردنی دۆسییە هاوبەشەکان لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی کردەوە بە شێوەیەک ببێتە هۆی بەردەوامبوونی فاکتەرەکانی سەقامگیری بژێوی و ئابووریی هاووڵاتیانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی شەممە، 6ی نیسانی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیدار لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و بەشداربوون لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گەیشتە بەغدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت