رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، "هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمیمان لەبارەی کۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بەدەست نەگەیشتووە. هەوڵێکیش لەلایەن حکومەتەوە بۆ بەدەستهێنانی لێخۆشبوونی نوێ لەلایەن ئەمریکاوە هەیە."
ئەمڕۆ هەینی ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمیمان سەبارەت بە کۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بەدەست نەگەیشتووە. وەزارەتی کارەباش بەگوێرەی رێنوێنییە حکومییەکان کار دەکات."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، "قەبارەی هاوردەکردن لە ئێرانەوە 1000 مێگاواتە، کە لە رێگەی چوار هێڵی گواستنەوەوە هاوردە دەکرێت. لەگەڵ تورکیا و ئوردنیش هێڵی گواستنەوەی کارەبامان هەیە؛ هەروەها لە کارداین بۆ دامەزراندنی هێڵی گواستنەوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو."
بە گوتەی ئەحمەد عەبادی، "هەوڵێک لەلایەن حکومەتەوە بۆ دەستەبەرکردنی لێخۆشبوونی نوێ لەلایەن ئەمریکاوە هەیە، بەڵام ئەگەر سەرینەگرت و حکومەت بڕیاری دا، ئەوکات هاوردەکردنی گازی ئێرانی رادەگرین."
لەبارەی کاریگەریی هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونەکەی ئەمریکا لەسەر کارەبا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، "بە دڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت، بەڵام هەوڵ دەدەین ئەو گرێبەستەی وەزارەتی نەوت لەگەڵ تورکمەنستان واژۆی کردووە، کاری پێبکرێت، کە بەگوێرەی گرێبەستەکە رۆژانە 20 ملیۆن مەتر سێجا گازی شل لەو وڵاتەوە هاوردە دەکرێت."
بە گوتەی عەبادی، "رێکاری حکومی هەن بۆ ئەگەری راگرتنی گازی ئێرانی. یەکێک لەوانە هاوردەکردنی 600 مەقمەق گازی رۆژانەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بۆ وێستگەکانی کارەبا." لەبارەی پڕۆژەکانی دیکەش گوتی، "کار دەکەین بۆ دروستکردنی سەکۆی گازی شل و هەوڵ دەدەین بە پشتبەستن بە وزەی خۆر و دروستکردنی وێستگەی هەڵمی بۆ بەکارهێنانی گازی نێوخۆیی، کورتهێنانی کارەبا پڕبکەینەوە."
لەبارەی وەبەرهێنان لە گازی نێوخۆییدا گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "بە دوو رێکار دەکرێت، کە یەکەمیان راگرتنی پڕۆسەی سووتانی گازی هاوەڵە و ئێستا 70% ئەو سووتانە راگیراوە و بۆ کارەبا سوودی لێوەردەگیرێت. دووەمیش نوێکردنەوەی کاری کێڵگەی گازی نێوخۆییە کە بەگوێرەی وەزارەتی نەوت ئەو پڕۆسەیە نزیکەی سێ ساڵی دەوێت."
سەبارەت بە پشتبەستن بە وزەی خۆر، ئەحمەد عەبادی ئەوەی خستەڕوو، "لە بەسرە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی کار دەکرێت بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی دابینکردنی کارەبا، لە رێگەی وزەی خۆر بە توانای 1000 مێگاوات. هەروەها لە کەربەلا، بابل و زیقار کار دەکرێت بۆ دروستکردنی وێستگەی سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر."
سبەی 8ی ئادار، مۆڵەتی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق کۆتایی دێت.
لە ساڵی 2018وە ئەمریکا دەیان جار لێخۆشبوونی لە سزاکان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە، تاوەکو بتوانێت وزەی ئێران بکڕێت.
بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران، حکومەتی عێراق ناتوانێت پارەی کاش بە تاران بدات، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن، دەیخاتە هەژمارێکی بانکی و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرێت بەکاریبێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی پێداویستییە پزیشکییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ