قاسم ئەعرەجی: هاتنی تیمە هەواڵگرییە ئەمریکییەکە پەیوەندیی بە لێکۆڵەرە ئیسرائیلییەکەوە نەبووە

07-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، تیمێکی هەواڵگریی ئەمریکی لە نەجەف لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکە کۆبوونەتەوە، بەڵام هاتنیان هیچ پەیوەندیی بە پرسی لێکۆڵەرە ئیسرائیلییە رفێندراوەکەوە نییە.
 
ئەمڕۆ هەینی 7ی ئاداری 2025 قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک گوتی، تیمێکی هەواڵگریی ئەمریکی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نەجەفەوە گەیشتوون و لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکە کۆبوونەتەوە.
 
ئەعرەجی نووسیویەتی، "فڕۆکە ئەمریکییەکە بە رەزامەندیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هاتووە و ئەوەش شتێکی ئاساییە."
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن، تیمە ئەمریکییەکە بۆ پرسی لێکۆڵەرە رفێندراوەکەی ئیسرائیل هاتبن و دەڵێت، "بەڵگەکانی ئەو چیرۆکە لاوازن."
 
چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە، هێزێکی ئەمریکا لە نەجەف دابەزیوە بۆ رێگریکردن لەوەی گرووپێکی چەکدار ئیلیزابێس تسورکۆڤ، لێکۆڵەری ئیسرائیلی - رووسی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە ببەنە دەرەوە.
 
هەر دوێنێ، قاسم ئەعرەجی لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، هەوڵ دەدەن بۆ دۆزینەوەی شوێنی تسورکۆڤ.
 
تسورکۆڤ لە سەرەتای ساڵی 2023 بە پاسپۆرتە رووسییەکەی بە مەبەستی توێژینەوەی زانستی چووە عێراق، رۆژی 21ی ئاداری هەمان ساڵ لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە لە شەقامێکی ناوەندی شاری بەغدا رفێندرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە