فراکسیۆنەکانی دەوڵەتی یاسا و سادیقون بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن

07-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و فراکسیۆنی سادیقون بایکۆتی دانیشتنەکە دەکەن.
 
ئەمڕۆ هەینی، 7ـی ئاداری 2025، عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند: "لەسەر بەڵێنی خۆمانین بۆ نەوەکانمان لە حەشدی شەعبی، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە رێگەی پەسندکردنی پڕۆژە یاساکەیان؛ بۆیە هەڵوێستی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ بەشدارینەکردنمان لەو دانیشتنانەدا نەگۆڕە کە پڕۆژەیاساکە لە بەرنامەی کاردا نییە". 
 
هاوکات ئەحمەد موسەوی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی سادیقون لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند: "هەڵوێستی سادیقون جێگیرە و گفتوگۆ هەڵناگرێت، بەوەی کە بەشداری دانیشتنی پەرلەمان ناکەین، ئەگەر یاسای خزمەت و خانەنشینی موجاهیدانی حەشدی شەعبی لە بەرنامەی کاریدا نەبێت."
 
ئەحمەد موسەوی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو پێداگرییانەی هەن بۆ سازشکردنمان لە مافەکانی نەوەکانمان لە حەشدی شەعبی، نەوەک ساردمان ناکەنەوە، بەڵکو هێزی زیاترمان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان پێدەدەن."
 
بڕیارە سبەی شەممە، 8ـی ئادار پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە و بە گوێرەی بەرنامەی کار، دانیشتنەکە شەش بڕگەی لەخۆگرتووە کە ئەمانەن:
 
- دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەمواری چوارەمی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی کەرتەکانی تایبەت و تێکەڵ.
 
- دەنگدان بە بڕیاری راسپاردەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ گەڕانەوەی کارکردن بە یاسای هەوڵدان.
 
- راپۆرتی لیژنەی کاتیی پەرلەمان بۆ بەدواداچوونی پاراستنی موڵکی دەوڵەت.
 
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای موختارەکان.
 
- خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری چوارەمی یاسای پلەبەندی خاوەن پیشە پزیشکی و تەندروستییەکان.
 
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەڵوەشانەوەی یاسای پەسندکردنی رێککەوتنی نێوان عێراق و قوبرس سەبارەت بە هەڵگرتنی پارەی ڤیزە لەسەر هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی نێوان هەردوولا.
 
رۆژی 25ـی شوباتی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا پڕۆژەیاسایەکی نوێی دەستەی حەشدی شەعبی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد بۆ پەسندکردنی.
 
لە رابردوودا پەرلەمانی عێراق، چەندین جار دەنگدان لەسەر یاسای خزمەت و خانەنشینیی دەستەی حەشدی شەعبی دواخستووە، بەهۆی ئەوەی لایەنە شیعەکان لەسەر پڕۆژەکە ناکۆک بوون. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە