سەرۆکى لەکارلادراوى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا سکاڵا تۆمار دەکات

07-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا رایگەیاند، ئەحمەد حاسوود، سەرۆکى لەکارلادراوى ئەنجوومەنەکە لە دادگەى کارگێرى لە دژى بڕیارى لادانى لە پۆستەکەى سکاڵا تۆمار دەکات.
 
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەحمەد حاسوود، رۆژی 9ـی ئەم مانگە، لە دادگەی کارگێری لە بەغدا لە دژی لادانی لە پۆستەکەی سکاڵا تۆماردەکات."
 
رۆژی پێنجی ئاداری 2025 بەبێ ئامادەبوونى ئەحمەد حاسوود، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دەنگیان لەسەر لادانى دا لە پۆستەکەى، عەبدوڵڵا ئەسیل نوجەیفی ئەندامى ئەنجوومەن سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکەی کرد و ئەو پرسیارانەی خوێندەوە کە بۆ سەرۆکى ئەنجوومەن ئامادەکرابوون و وەڵامى نەدابوونەوە.
 
محەممەد کاکەیی راگەیاند: "لەو سکاڵایەدا ئەحمەد حاسوود داواى دەرکردنى فەرمانسالارییەکى کردووە بۆ راگرتنى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى پارێزگا بۆ ئەوەى لە پۆستەکەى بەردەوام بێت، تاوەکو ئەو کاتەى دادگە پرسەکە یەکلادەکاتەوە." 
 
ئەحمەد حاسوود، ئەندامى هاوپەیمانیی عەقدى وەتەنییە، کە فالح فەیاز، سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبی سەرۆکایەتى دەکات.
 
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گوتى: "ئەگەر ئەحمەد حاسوود  بە تەواوى لابرێت لەپۆستەکەى، ئەو پۆستە لە پشکى عەقدى وەتەنییە، ئەگەر دادگەى کارگێڕى فەرمانسالارى بۆ راگرتنى بڕیارەکە دەرنەکات، محەممەد جبوورى، جێگرى سەرۆکى ئەنجوومەن کۆبوونەوەکانى ئەنجوومەنى پارێزگا بەڕێوە دەبات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە