رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دوێنێ حووسییەکان لە دەریای سوور هێرشێکی مووشەکییان کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانی و بەوهۆیەوە سێ دەریاوان کوژراون.
هێرشەکە کاژێر 11:30 خولەکی بەیانیی دوێنێ چوارشەممە بە کاتی سەنعا [هەمان کاتی هەولێر] کراوە. ئەمە بەپێی راگەیێندراوی رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئاداری 2024ـی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم.
وەکو سوپای ئەمریکا دەڵێت، کەشتییەکە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە. جگە لە کوژراوەکانیش، چوار دەریاوانی نێو کەشتییەکە بریندار بوون و برینی سییانیان قورسە.
سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، کەشتییە بازرگانییەکە نزیکەی 92 کیلۆمەتر لە دەریای عەدەن لە کەناراوەکانی یەمەن دووربووە و دوای هێرشەکەش حووسییەکان بەرپرسیاریێتی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، "هێزە دەریاییەکانی یەمەن بە چەند مووشەکێکی دەریایی ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی کەشتیی ئەمریکی ترو کۆنفیدێنس لە کەنداوی عەدەن کرد، هێرشەکە ئامانجەکەی خۆی پێکا و ئاگر لەسەر کەشتییەکە کەوتەوە."
کەشتییەکە، هەروەک ئەو ناوەندە سەربازییەی ئەمریکا باسی دەکات، ئاڵای وڵاتی باربێیدۆسی بەسەرەوە بووە، لەلایەن لایبیریاوە خاوەندارێتیی دەکرێت و کۆمپانیای بەکارخەری یۆنانییە.
زیاتر لە چوار مانگە حووسییەکانی یەمەن، دەستیان بە هێرش بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن کردووە.
حووسییەکان کە خۆیان بە "هاوسۆزی گەلی فەلەستین" ناودەبەن، دەڵێن، "هێرش دەکەینە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل یان ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بەوانەوە هەبێت."
دوای ئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا لە ئاست هێرشەکانیان بێدەنگ نەبوون و چوار هێرشی هاوبەشیان کردە سەریان، حووسییەکان رایانگەیاند: "بەرژەوەندییە ئەمریکی و بەریتانییەکان ئامانجی ئێمەن."
دوایین هێرش لە 24-02-2024 بوو، کە تێیدا دوو هاوپەیمانەکە 18 پێگەیان لە هەشت ناوچەی یەمەن کردە ئامانج.
ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هێرش و زیانەکانی حووسییەکان، بە هاوبەشیی چەند وڵاتێک هاوپەیمانێتییەکی بۆ پاراستنی دەریای سوور راگەیاندووە لەوانەش بەریتانیا، بەحرێن، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، سیشێڵز، یۆنان و ئیسپانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ