دەزگای روانگە پێشبڕکێیەکی گەنجانی بەهرەمەندی لە بەغدا راگەیاند


رووداو دیجیتاڵ

دەزگای روانگە پێشبڕکێی خەڵاتەکانی لە بەغدا راگەیاند و لەنێو گەنجاندا بەدوای کارامەیی، دۆزینەوەی تواناکان و بەهێزکردنی متمانە بەخۆبوون دەگەڕێت. 
 
لاوانی بەهرەمەند تاوەکو 15ـی تەمووزی ئەمساڵ دەتوانن پرۆژەکانیان پێشکێش بکەن، دەرفەت و بواری زۆر هەیە لە بەردەم ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 20 ساڵدایە، پرۆژە و کارەکانیان پێشکێش بکەن بۆ ئەوەی لەلایەن لیژنەی پسپۆڕەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت و براوەکان لە تشرینی دووەمی داهاتوودا خەڵات بکرێن. 
 
سامان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری پرۆگرامەکان لە دەزگای روانگە دەڵێت، "ئەمساڵ نۆیەم ساڵە براوەکان بۆ خەڵاتی روانگە دیاری دەکرێن. پێشبینی دەکەین ئەمساڵ بەروارد بە ساڵانی رابردوو ژمارەی بەشداربووان زیاتربێت. ساڵی رابردوو لە بەغدا بەڕێوەچووە، ئەمە دووەم ساڵە لە بەغدا بکرێت. چاوەڕوان دەکەین گەنجێکی زۆر بەشداری بکەن لە پارێزگا جیاوازەکانەوە". 
 
روانگە، ژمارەیەک بڕوانامەی رێزلێنانی پێشکێشی پشتیوانکارانی پرۆژەکەی کرد لە بەغدا، یەکێک لەوانەش تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەنێو چەندین دامەزراوە و کەسایەتی هونەری و میدیاییدا. 
 
روانگە دەرفەتێکی گرنگە بۆ دەرکەوتنی توانا و کارامەیی هونەری گەنجان، ئەوە وەک ئەو کەسانە باسی دەکەن کە گرنگی بە کاروباری هونەری و رۆشنبیری دەدەن، داواش لە بەهرەداران دەکەن چالاکانە بەشداری ئەو دەستپێشخەرییە بکەن.
 
سەروان زەیتون، بەڕێوەبەری کۆمپانیای میدیایی بابیلون باسی لەوە کرد، " پێموایە گەنجانی عێراقی پێویستیان بەمەیە. روانگە دەستپێشخەرییەکی زۆر سەرکەوتووە، هیوادارین روانگە لە هەموو پارێزگاکان بێت".
 
شوان رەمزی، بەرهەمێنەری جێبەجێکارە و دەڵێت، "ئەوەی روانگە پێشکێشی دەکات زۆر پێویستمان پێیەتی و گەنجانیش پێویستیان پێیەتی. گەنجان داوای پشتوانی مەعنەوی و کێبڕکێ لە نێوانیان دەکەن، ئەمەش جوانتر دەبێت کاتێک کێبڕکێیەکی بەهێز لەنێوان گەنجاندا هەبێت لە بوارەکانی بازرگانی و هونەرییدا".
 
روانگە هەوڵدەدات گیانی کێبڕکێ دروستبکات، بۆ دەرخستنی داهێنانەکان و جیاوازی نێوان گەنجان و هانیان دەدات بۆ ئەوەی زیاتر پێشبکەون لە تەواوی بوارەکانی هونەردا.