سبەی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کاژێر 5ـی ئێوارەی سبەی دووشەممە، دەنگ لەسەر ئەو 6 ماددەیەی پرۆژەیاسای نوێی دادگای باڵای فیدراڵی دەدات، کە لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی پەرلەمان دەنگیان لەسەر نەدرا.
 
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە، کارنامەی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی داهاتووی پەرلەمانی بڵاوکردەوە، بەپێی کارنامەکە پەرلەمان رۆژی دووشەممە دەنگ لەسەر ئەو 6 ماددەیەی پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی دەدات، کە لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی پەرلەمان دەنگیان لەسەر نەدرا، لە کاتێکدا پەرلەمان لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردوودا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی 18 ماددەی پرۆژەیاساکەی پەسندکرد.
 
هەر بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، پەرلەمان دووشەممەی داهاتوو دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەدات.
 
سەبارەت بە دوا ئەنجامی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و سەرۆک فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان و لیژنەی یاسایی لەبارەی پرۆژەیاسای نوێی دادگای باڵای فیدراڵی. ئەڵماس فازڵ، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا لەو شەش ماددەی پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی کە ناکۆکییان لەسەرە، چوار ماددەیان یەکلاییکرانەوە، ئەو دوو ماددەشی کە ماون بریتین لە ماددەی 3 و ماددەی 12، کە تایبەتن بە بەربژێرکردنی دادوەران بۆ ئەندامێتیی دادگای فیدراڵی، لەگەڵ شێوازی دانیشتن و بڕیاردانی دادگاکە".
 
ئەڵماس فازڵ ئاماژەی بەوەدا  ئەوان وەکو داوا دەکەن بڕیاردانی دادگاکە بە کۆی دەنگی هەموو ئەندامانی بێت، بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم دوو ماددەیەش لیژنەی یاسایی یەکشەممە جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە بۆ داڕشتنی دەقێکی گونجاو بۆیان، کە رەزامەندی هەموو لایەنەکانی لەسەر بێت. دواتر سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان لەگەڵ لیژنەی یاسایی کۆدەبنەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو دوو ماددەیە، بۆ ئەوەی بۆ کۆبوونەوەی دووشەممەی پەرلەمان ئامادەبن".
 
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە 9 ئەندام پێکهاتووە، 3 شیعە، 2 کورد، 2 سوننە و تورکمانێک و کریستیانێک، بەڵام تائێستا دوو ئەندامی دادگاکە خانەنشینکراون، بۆیە دادگاکە ناتوانێت کۆببێتەوە و بڕیار بدات، چونکە بەپێی یاسای دادگاکە، دادگای فیدراڵ دەبێ بە ئامادەبوون و بەشداربوونی سەرۆک و هەموو ئەندامانی کۆببێتەوە و بڕیار بدات.
 
بەپێی ماددەی 93ـی دەستووری عێراق، دادگای فیدراڵ 8 ئەرکی سەرەکی هەیە، کە دیارترینیان پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە.