بەرپرسێکی ئەمریکی: هێرشەکەی بەغدا لەڕێگەی درۆنەوە بووە و فەرماندەکەی حیزبوڵڵا ئامانج بووە

07-02-2024
نیشانەکردن بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، کە ئەمریکا هێرشەکەی ئەمشەوی بەغدای کردووە و ئاماژەی بەوەشکرد، لانیکەم یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە هێرشەکەدا کوژراون. 
 
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئەمریکا ئەوەشی رایگەیاندووە، ئەو هێرشەی ئەمشەو لە بەغدا کرا، کە تێیدا ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج "لە رێگەی درۆنەوە کراوە." 
 
تاوەکو ئێستا ئەمریکا بە فەرمی بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەکەدا رانەگەیاندووە، بەڵام جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە دوای هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا رایگەیاندبوو، ئەو هێرشانە سەرەتان و هێرشی دیکەش دەکەن. 
 
شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، لە کاژێر 21:25 خولەک بە کاتی هەولێر دەنگی سێ تەقینەوە لە بەغدا بیستران، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو، "پەنجەی تۆمەت بۆ ئەمریکا درێژکراوە لە بەرامبەر ئەو رووداوەدا."
 
هەروەها ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی، "لە هێرشەکەدا بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان دوو سەركردەی حیزبوڵڵای عێراقی کراونەتە ئامانج و کوژراون، کە یەكێکیان ناوی ئەبو باقر ساعدییە و ئەوەی دیکە ئەرکان عەلیاویە."
 
گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە رێگەی چەناڵەکانیانەوە لە تەلەگرام پشتڕاستی دەکەنەوە، ئەو سەرکردەیەی حیزبوڵڵای عێراقی کە کوژراوە، ناوی ئەبو باقر ساعدییە.
 
لەبارەی رووداوەکەوە گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن -ی راگەیاند، ئەوان لەڕێگەی ئەو راپۆرتانەی بەدەستیان گەیشتوون و لە میدیاکانەوە بینیویانە، ئاگاداری تەقینەوەکانی بەغدان، بەڵام هێشتا هیچ شتێک نییە لەوبارەوە رایبگەیێنن. 
 
لە رووماڵی رووداو بۆ هێرشەکەی بەغدا دیار کوردە گوتی، تاوەکو ئێستا ئەمریکا بە فەرمی پشتراستی نەکردووەتەوە هەروەها رەتیشی نەکردووەتەوە ئەوان هێرشەکەیان کردبێت. 
 
بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن باسی لەوەشکرد، "ئەگەر هێرشەکە ئەمریکا ئەنجامی دابێت، چاوەڕێی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم دەکەن تاوەکو راپۆرت بنێرن بۆ وەزارەتی بەرگری، دواتر پێکەوە راگەیێندراوی هاوبەش بڵاودەکەنەوە." 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، "ئێستا پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئەمریکا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە"، دیار کوردە دەڵێت، ئەو گوتەبێژەی پێنتاگۆن گوتوویەتی، کە لە دوایین زانیاریی ئاگاداریان دەکەنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێزێکی پێشمەرگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

بەرگریی عێراق خولى ئەفسەران دەکاتەوە؛ 'پێشمەرگە دەتوانێت بەشدار بێت'

وەزارەتى بەرگریى عێراق خولێکى ئەفسەران بۆ دەرچووانى زانکۆ لە هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەکاتەوە. جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "پێشمەرگەش دەتوانن بەشدار بن".