بەڤیدیۆ؛ لەشوێنی بەئامانجکردنی ئۆتۆمبێلەکە لە بەغدا خەڵک هوتاف لەدژی ئەمریکا دەڵێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی لابردنی ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەمشەو لە بەغدا کرایە ئامانج، ژمارەیەکی زۆر خەڵک و چەکدار کۆبوونەتەوە و هوتاف لەدژی ئەمرێکا دەڵێنەوە.
ژمارەیەک ڤیدیۆ لەلایەن عەلی لامی، کامێرامانی رووداو تۆمارکراون، تێیاندا لە شوێنی بەئامانجکردنی ئۆتۆمبێلەکە ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەردەکەون، کە هاوار دەکەن "خوا گەورەترینە و ئەمریکاش گەورەترین شەیتانە" هەروەها دەڵێن "مردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل"، سەرکەوتن بۆ ئیسلامە و بژی حەشد."
ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەمشەو (چوارشەممە، 7-2-2024) لە بەغدا کرایە ئامانج، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان زیاتر لە کەسێکی تێدا بووە، کە یەکێکیان سەرکردەیەکی باڵای حەشدی شەعبییە و لە هێرشەکەدا کوژراوە.
ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی "لە هێرشەکەدا بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان دوو سەركردەی حیزبوڵڵای عێراقی کراونەتە ئامانج و کوژراون، کە یەكێکیان ناوی ئەبو باقر ساعدییە و ئەوەی دیکە ئەرکان عەلیاویە."
گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە رێگەی چەناڵەکانیانەوە لە تەلەگرام پشتڕاستی دەکەنەوە، ئەو سەرکردە باڵایەی حیزبوڵڵای عێراقی کە کوژراوە، ناوی ئەبو باقر ساعدییە.
هەرچەندە دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هێرشەکە بڵاونەکردووەتەوە و، نازانرێت هێرشەکە لەلایەن کێوە کراوە، بەڵام هێرشەکە لەکاتێکدایە هەینیی رابردوو، کاژێر 12:00ـی شەو بە کاتی هەولێر "لە تۆڵەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکیدا"، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکانی شەودا، لەنێو عێراق و سووریا هێرشیان کردە سەر پێگەی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تاران.
لەو هێرشانەدا 18 چەکداری حەشدی شەعبی لە عێراق کوژران و 35 کەسی دیکەش بریندار بوون.