پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە هەڵبژێردران

07-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە هەڵبژێردران، بەمەش بووە 12ەمین پارێزگای عێراق حکومەتی خۆجێی هەڵبژێرێت.
 
ساحب ئەلجاسمی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە بە رووداوی راگەیاند، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 7ـی شوباتی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە کۆبووەوە و پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاری هەڵبژارد.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە گوتی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا عەباس زاملی، لە هاوپەیمانیی نەبنی بە پارێزگاری دیوانیە و محەممەد شخیر بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە و سەیف نائیلی بە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردران."
 
بەپێی دابەشکارییەکە، پۆستی پارێزگار بەر فراکسیۆنی بەدر لەنێو هاوپەیمانیی نەبنی بە سەرۆکایەتیی هادی عامری و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەشی بەر هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کەوتووە.
 
بەو پێیە پارێزگای دیوانیە دەبێتە 12یەم پارێزگا لەسەر ئاستی عێراق کە حکومەتە خۆجێیەکانی پێکدەهێنێت، دوای پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، ئەنبار، نەجەف، کەربەلا، سەلاحەدین، واست، بەسرا، زیقار، بابل، موسەنا، بەڵام ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە، دیوانییە و میسان نەیانتوانیوە سەرۆک و جێگرانی و پارێزگار و جێگرانی هەڵبژێرن، رەنگە کەرکووک زەحمەتترینیان بێت، ئەوەش بەهۆی پێکهاتەی ئاڵۆزی پارێزگاکە و نەخشەی دابەشبوونی کورسییەکانەوە.
 
رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو و لە رۆژی 21ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکەى پەسند کرد.
 
لە بڕگەی یەکەمی مادەی 7ی یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە هەرێمێکدا هەیە هاتووە: "سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و دوو جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بە زۆرینەی رەهای ئەندامەکانی و لە یەکەم دانیشتنیدا لەماوەی 15 رۆژ لە رۆژی پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، ئەگەر داواکاری بۆ کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەن بەردەست نەبوو، رۆژی 16یەم کۆبوونەوەکە دەکرێت و بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن سەرۆکایەتی دەکات."
 
هەروەها لە بڕگەی حەوتەمیش هاتووە: "هەڵبژاردنی پارێزگار و دوو جێگرەکەی بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن لە ماوەی 30 رۆژ لە بەستنی کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەن دەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت