کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لەبارەی کوشتنی ئەبو باقر ساعیدی: پیرۆزە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق لە پەیامێکدا لە بارەی کوشتنی یەکێک لە فەرماندەکانی لە هێرشێکی درۆنی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، " پیرۆزبایی لە گەلی ئیسلامی و عێراق دەکەین."، دەشڵێت، بەردەوامن لەسەر رێبازەکەیان.
 
ئەبو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، لەبارەی کوشتنی ئەبو باقر ساعیدی کە شەوی چوارشەممە، 7ـی شوبات لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا لە ناوچەی مەشتەلی بەغدا کوژرا، رایگەیاند، "بەبۆنەی شەهیدبوونی سەرکردەی گەورە ویسام محەممەد سابر (ئەبو باقر ساعیدی) بەهۆی بۆردوومانێکی هێزەکانی داگیرکەر لە بەغدا و بەرزبوونەوەی بۆ بەهەشت بۆ ئەوەی بگاتە ئەبو عەبدوڵڵا حوسەین، پیرۆزبایی لە گەلی ئیسلامی و عێراقی دەکەین."
 
دەشڵێت، "پرسەی خۆمان لە خانەوادە بەڕێزەکەیان و هاوەڵانی رێگەی جیهادی دەکەین، داوا لە خوای گەورە دەکەین ئارامیی و دان بەخۆگرتنیان پێببەخشێت و لەگەڵ پەیامبەران و راستگۆیان و شەهیدان و پیاوچاکان بێت، ئەوەش وامان لێداوا دەکات جێگیر بین و لەسەر رێبازی جیهادیمان بەردەوام بین."
 
شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، دەنگی سێ تەقینەوە لە بەغدا بیستران. دواتر دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلێکی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبو باقر ساعدی کراوەتە ئامانج، چەند خولەکێک دوای رووداوەکە، کوژرانی فەرماندەکەی حەشدی شەعبی پشتڕاستکرایەوە.
 
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکەی بەغدا راگەیاند و گوتی،  کاژێر 9:30 خولەکی ئێوارەی رۆژی 7ـی شوبات، "فەرماندەیەکی کەتائیبی حیزبوڵڵا کە بەرپرسیاریێتی راستەوخۆی لە پلاندانان و بەشداریکردن لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هەبووە، کوژراوە. تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ زەرەر و زیان و قوربانییانی مەدەنی نییە."