لیوا تەحسین خەفاجی: ئەم هێرشانەی ئەمریکا دەبنە هۆی شکستهێنانی سەرجەم گفتوگۆکان

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بەرپرسیاریێتی لێکەوتەکانی بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی حیزبوڵڵای عێراق دەخاتە ئەستۆی ئەمریکا و هاوپەیمانان، دەشڵێت، "ئەم کردەوە مەترسیدارانە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی وڵات". 
 
دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی سەر بە حەشدی شەعبی لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە راگەیاند، کە بووە هۆی کوژرانی چەند سەرکردەیەکی گرووپە چەکدارەکان، لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەیدا لیوا تەحسین خەفاجی دەڵێت، "ئەم هێرشە دوژمنکارییە نوێیە، دەبێتە هۆی لەباربردنی سەرجەم لێکتێگەیشتنەکان. هەروەها بەرپرسیاریێتی لێکەوتەکانی ئەم کردەوە مەترسیدارانە دەخەینە ئەستۆی لایەنی ئەمریکی و هاوپەیمانان، کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی وڵات و دەبێتە هۆی شکستپێهێنانی راستەوخۆی سەرجەم گفتوگۆ و دیالۆگەکانی نێوان هەردوولایەن." 
 
گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەشڵێت، "ئەم بە ئامانجکردنە دوژمنکاریییەکی روون و پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی عێراقە و ناوچەکە بەرەو لێکەوتەی مەترسیدار پەلکێش دەکات."
 
کاژێر 21:35 خولەکی رۆژی 7ـی شوباتی 2024، لە ناوچەی مەشتەلی رۆژهەڵاتی بەغدا ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبوو باقر ساعیدی بە درۆن کرایە ئامانج و کوژرا.
 
دوای هێرشەکە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم، بەرپرسیاریێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، ئەو هێرشە لە تۆڵەی هێرشەکانیان بووە بۆ سەر هێزەکانیان لە ناوچەکە.