دادگەی فیدراڵی بڕیاردانی لەسەر سکاڵایەک دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دواخست

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق دانیشتنى تایبەت بە سکاڵاى دژی درێژکردنەوى پەرلەمانى کوردستانی دواخست بۆ 15ـی ئادار تاوەکو تيمى پارێزەرانى پەرلەمان، وەڵامى چەند پرسیارێکى دادگەکە و سکاڵاکاران بدەنەوە.
 
 ئەمڕۆ 7ى شوباتى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بەئامادەبوونى کەناڵەکانى راگەیاندن لەبارەى سکاڵایەک لەدژى بڕیارى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان دانیشتنێکی دیکەی کرد.
 
دادوەر جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵى گوێى لە پاساوى سکاڵاکاران و پارێزەرانى پەرلەمانى کوردستان گرت، لەبارەى ئەو سکاڵایە و دواتر بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ 15ـی مانگى ئادارى داهاتوو دوابخات.
 
وریا سەعدى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان کە ئامادەى دانیشتنەکە بوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "دواخستنى دانیشتنەکە بۆ ئەوەیە چەند پرسیارێک لە ئێمە کراون، تاوەکو ئەوکاتە وەڵامیان بدەینەوە. پرسیارەکان تایبەتن بە پاساوەکانى بڕیارى پەرلەمانى کوردستان بۆ درێژکردنەوەى تەمەنى خۆی و ئامادەکردنى پڕۆژەیاسای هەموارى یاسای هەڵبژاردنەکان".
 
وریا سەعدى ئەحمەد گوتیشى: "پێناچێت لە دانیشتنى داهاتوویدا، دادگەى باڵاى فیدراڵی دوابڕیار لەبارەى ئەو سکاڵایەوە بدات و گوێ بۆ وەڵامەکانى ئێمە دەگرێت".
 
سکاڵاکە بە ناوى سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق پێشکێشکراوە، لە پاش ئەوەى لەگەڵ سێ سکاڵاى دیکەدا یەکخران، کە لەلایەن یوسف محەممەد، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان پێشکێش کرابوون و 18ـى کانوونى یەکەمى 2022، یەکەم دانیشتن لەبارەى سکاڵاکان کرا.
 
سکاڵاکار لەو سکاڵایەدا داوای پووچەڵکردنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی دژایەتیی لەگەڵ هەردوو ماددەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە: "مافی دەستووریی دیاریکراو لە ماددەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات."
 
رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات.