سەدر: ئەگەر هەڵوێست بەرامبەر سووتاندنى قورئان هەبووایە بوومەلەرزەى وێرانکەر رووینەدەدا

07-02-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن موقتەدا سەدر بوومەلەرزە
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

رێیبەرى رەوتى سەدر رایگەیاند، ئەگەر وڵاتانى عەرەبی و ئیسلامى هەڵوێستیان هەبووایە لەدژی سووتاندنى قورئان، "خودا پەیامى بوومەلەرزەى وێرانکارى" نەدەنارد، دەشڵێت :"دوورکەوتنەوە لە خودا، گەیشتووەتە ئەوەى هەندێک لە موسڵمانان لەکاردانەوەى سووتاندنى قورئان، تەورات بسووتێنن".
 
هەرچەندە سەدر روودانی بوومەلەرزە بە نەبوونی هەڵوێست لە دژی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەبەستێتەوە و وەکو پەیامێکی خوایی ناوی دەبات، بەڵام زانست شیکردنەوەی دیکەی هەیە کە لەم راپۆرتەدا بە وردی شیدەکەینەوە.
 
درەنگانی شەوی 6ـی شوباتى 2023، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە توویتێکدا رەخنەی لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی گرت کە کاردانەوەیان لە دژی سووتاندنی قورئان نەبووە و، گوتی "ئەگەر وڵاتانى عەرەبی و ئیسلامى هەڵوێستێکى شەرەفمەندانەیان هەبووایە بۆ بەرگریکردن لە قورئان لەدژى سووتاندن و سنووربەزاندنی، ئەگەر بەکەمترتن ئاستیش بووایە، لە رێگەى داخستنى باڵیۆزخانەى سوید لە وڵاتەکانیان، یان کەمکردنەوەى نوێنەرایەتى دیپلۆماسی، خودا پەیامى بوومەلەرزەى وێرانکارى نەدەنارد".
 
سەدر، هەڵوێستی هەندێک وڵاتی وەکو تورکیا، سووریا، لوبنان، ئوردن، تەنانەت عێراقیش بە "شەرمنانە" وەسفدەکات، بەرامبەر سووتاندنی قورئان. دەڵێت: "تاوەکو کەى ئەم دوورکەوتنەوەیە لە خودا و پیرۆزیی و کتێبەکانى بەردەوام دەبێت، تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەى هەندێک لە موسڵمانان ئەو بوێریەیان هەبێت کە بە داخەوە تەورات بسووتێنن وەک کاردانەوەیەک لەدژی سووتاندنى قورئان".
 
ئەو توویتەى موقتەدا سەدر لەدواى روودانى ئەو بوومەلەرزە بەهێزە بوو، کە لە 6ـی شوباتدا تورکیا، باکوورى کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و سووریاى هەژاند و بەهۆیەوە لەهەردوو وڵات زیاتر لە چوار هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
 
رێبەرى رەوتى سەدر ئاماژەى بەوەشدا کە ئەگەر موسڵمانان هەڵوێستێکى جدییان نەبێت، لە بەڵا بەدوور نابن.
 
لەڕووی زانستییەوە بوومەلەرزە چۆن روودەدات؟
 
درزەکانی بەرگی زەوی، نزیکەی 50 پلێتی زەوی لەیەک جیادەکەنەوە، پلێتە زەبەلاحەکان بەردەوام لە جووڵەدان و هەندێجار بەریەک دەکەون و یەکێکیان دەچێتە ژێر ئەوی دیکە. 
 
بەهۆی بەریەککەوتنەکە وزەیەکی یەکجار گەورە بە درێژایی هێڵەکە دروستدەبێت، لە ئەنجامدا وزەکە دەتەقێتەوە و لە شێوەی شەپۆلدا بە دەوروبەری خۆیدا بڵاودەبێتەوە. ئەو وزەی کە هەستیپێدەکرێت، بوومەلەرزەکەیە. دوای بەریەککەوتنە سەرەکییەکە، پلێتەکانی دەوروبەریش دەکەونە شوێنە نوێیەکانی خۆیان، ئەوەش وەکو پاشلەرزە هەستیپێدەکرێت. 
 
جوڵانەوەی پلێتەکانی زەوی، زۆربەی لە لایەن مرۆڤەوە هەستیان پێناکرێت، بەڵام پلێتە زەبەلاحەکان ناوبەناو بەریەکدەکەون و مرۆڤ رادەچڵەکێنن. ئەو ناوچانەی کە پلێتەکانیان زۆرترین بەیەکداخشانیان هەیە بریتین لە: رۆژهەڵاتی ئاسیا، تورکیا، ئەفغانستان، باکووری ئەفریقا و هەردوو کیشوەری ئەمریکا. 
 
پێوەری رێختەر بۆ پێوانی ئەو وزەیە بەکاردێت کە لە کاتی بوومەلەرزە دروستدەبێت، هەرگیز بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر لە بوومەلەرزەکەی ساڵی 1960ی چیلی تۆمارنەکراوە کە 9.5 پلە بوو. پێوەری بوومەلەرزەی ئەوروپیش هەیە کە لە 1 تا 12 پلە دەڕوات. 
 
ئەو بوومەلەرزانەی هەستیان پێناکرێت یەک پلەن و ئەوانەشی کە دوازدە پلەن هێندە بەهێزن کە هەموو رووی زەوی وێران دەکەن و رووچۆنی زەوی، هەرەسهێنانی بەفر و سۆنامی بەدوای خۆیاندا دێنن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە