لیژنەی سووتەمەنیی پارێزگاکە: لە نەینەوا دابەشکردنی بەنزین بە کۆبۆن هەڵناوەشێتەوە

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، پرۆسەی دابەشکردنی بەنزین بە کۆبۆن لە پارێزگاکە هەڵناوەشێتەوە. دەشڵێت، بڕیارە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بکرێتە کۆبۆن. 
 
ئەحمەد عەبد رەبە، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ سێشەممە (07-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سیستمی دابەشکردنی بەنزین بە کۆبۆبوون لە پارێزگای نەینەوا هەڵناوەشێتەوە و بەردەوام دەبێت."
 
لە عێراق بەنزینی نۆرماڵ بە 450 دینار دابەش دەکرێت.
 
بەهۆی گرانیی بەنزین و جیاوازیی نرخەکەی، بەشێک لە شوفێرانی هەرێمی کوردستان کە هاوسنووری کەرکووک، نەینەوا، سەلاحەدین و دیالن، بۆ بەنزین دەچوونە ئەو پارێزگایانە، ئەوەش قەرەباڵخییەکی زۆری لەبەردەم وێستگەکانی دابەشکردنی بەنزین دروست دەکرد.
 
حکومەتی عێراق بۆ رێگری لەو کارە، بەنزینی لەو پارێزگایانە کردە کۆبۆن. 
 
سەرەتا دابەشکردنی بەنزین بە کۆبۆن لە پارێزگای کەرکووک، دواتر نەینەوا و سەلاحەدین جێبەجێ کرا.
 
بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، "لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە پێیان راگەیاندوون، نەک ئەو سیستمە هەڵناوەشێتەوە، بەڵکو لە هەموو پارێزگاکان جێبەجێی دەکەین".
 
ئەحمەد عەبد رەبە، دابەشکردنی بەنزین بە کۆبۆن بە "کارێکی باش" دەزانێت و پێیوایە، رێگر دەبێت لە بەهەدەردان، قاچاخی و بازرگانی، پارەکەشی دیار دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە