رووداو دیجیتاڵ
مستەفا سەنەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بانگەشەى ئەوە دەکات بەهۆى کارەکانییەوە، لە بەسرە تەقە لە نووسینگەکەی کراوە، بەڵام گوتەبێژى پۆلیسی شارەکە دەڵێت "ئامانجى ئەو تەقەکردنە نووسینگەکە نەبووە، بەڵکو خانوویەکى تەنیشت نووسینگەکەی بووە."
ئەو پەرلەمانتارە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دیمەنى هێرشەکەی بڵاوکردووەتەوە کە گوایە کراوەتە سەر نووسینگەکەى.
مستەفا سەنەد ئاماژەى بەوە داوە پەیامیان لە لایەنى نادیارەوە پێگەیشتووە و نازانێت هۆکارەکەى چى بووە، پێدەچێت هۆشدارى بێت لە بەردەوامبوون لەسەر پرسێک چونکە دەڵێ "بە راستى ئەم چەند رۆژە کەسانێکم بەگیر هێناوە و هاڕیومن."
رووداوەکە شەوى 5ـی کانوونى دووەمى 2025 بووە، بە گوێرەى دیمەنەکان هەندێک لەو گوللانەی دەتەقێندرێن بە نووسینگەکەى مستەفا سەنەد و خانوویەکى تەنیشتی دەکەون.
رۆژی 7ى کانوونى دووەمى 2025 عەقید عەزیز هاشم، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسی بەسرە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رووداوەکە لە ناوچەى جەمعیاتى بەسرە روویداوە، بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکان، ئامانج لەو هێرشکردنە نووسنگەى پەرلەمانتارەکە نەبووە، بەڵکو خانوویەکى تەنیشتى بە ئامانج گیراوە.
عەقید عەزیز هاشم گوتىشی "ئەو تەقەکردنە بەهۆى کێشەیەکى نێوان دوو هۆز بووە، هێرشبەرەکان لەو هۆزە بوون کە ماوەیەک لەمەوبەر لە قەزاى گەڕنە کەسێکیان لێ کوژراوە، لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە بۆ دەستگیرکردنى تەقەکەرەکان."
مستەفا سەنەد، پەرلەمانتارێکى شیعەى خەڵکى بەسرەیە، لە هەڵبژاردنى 2021ـی پەرلەمانى عێراقدا وەکو کەسێکی سەربەخۆ خۆى بەربژێر کرد و دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ