سەرۆک، بودجە و هاوپەیمانان سێ کوچکە دیارەکەی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی عێراقن

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە پشووی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت و وەرزی نوێی یاسادانان دەستپێدەکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دیارینەکراوە. ئەندامێکی پەرلەمان دەڵێت، "هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و تاوتوێکردنی دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق، لە دیارترین بابەتە گەرمەکانی سەرەتای ئەم وەرزەی یاسادانان دەبێت."
 
رۆژی 9ـی ئەم مانگە، پشووی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت، وەکو سەرۆکایەتی پەرلەمان رایگەیاندووە، لەم وەرزەدا ژمارەیەک رەشنووسی یاسا و بڕیار و بابەت کارنامەکانی پەرلەمان قەرەباڵخ دەکەن، دیارترینیان هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانە کە 53 رۆژ دەبێت سەرۆکی پەرلەمان بە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی و بە پاساوی "ساختەکردنی نووسراو" لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە، هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی ساڵی 2023 و گونجاندنی بۆ پەیڕەوکردنی لەساڵی 2024 و جێکردنەوەی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان تێیاندا، لەگەڵ کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بڕیارێکی پێشوەختەی پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، لە دیارترین ئەو بابەتانەن کە پەرلەمان سەرقاڵ دەکات.
 
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، کە هاوکات سەرۆکى پارتى تەقەدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەر یەک لە موسەننا سامەڕایی، سالم عیساوی، خالید عوبەیدی، تەڵاڵ زەوبەعی، مەحموود مەشهەدانی، زیاد جەنابی، شەعلان کەریم، عەبدولکەریم عەبتان، موزاحیم خەیات بەنیازن خۆیان بەربژێر بکەن، بەڵام کۆدەنگیی تەواو لە نێوان سوننەکان لەسەر کەسیان نییە.
 
رۆژی یەکشەممە، 7-1-2024، چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت" بڕیارە لە 9ـی ئەم مانگەوە کاری لیژنەکان دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان و کارنامەکەشی رانەگەیێندراوە، بەڵام پێدەچێت هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق و جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان و چەند گۆڕانکارییەکی دیکە تێیدا، دیارترین بابەتەکانی پەرلەمان بن."
 
هەروەها روونیشیدەکاتەوە، "یەکێکی دیکە لە دیارترین ئەو بابەتانەی دەبنە جێی مشتومڕ و پەرلەمان لەسەری کۆدەبێتەوە، دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانانە لە عێراق، ئێستا ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆن و ژمارەیەک واژۆی پەرلەمانتارانیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بکرێت و ئەو بابەتە تاوتوێ بکرێت و حکومەتی پابەند بکات لە ماوەیەکی دیاریکراودا هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەربچن."
 
رۆژی 6ـی کانوونی دووەمی 2024، هەریەک لە موحسین مەندەلاوی و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگرانی یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە و بڕیاریاندا رۆژی 9ـی ئەم مانگە فراکسیۆن و لیژنەکان دەست بە کارەکانی یاسادانان و چاودێرییان بکەنەوە، ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد کە وادەیەک بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی ئاسایی دەکەن بۆ تەواوکردنی بەرکەوتەکانی یاسادانان و چاودێریی، جگە لە دیاریکردنی کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان.
 
لە مادەی 22 لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، ساڵانە پەرلەمان دوو وەرزی یاسادانانی هەیە، کە هەشت مانگە و هەر وەرزێکی چوار مانگە، بەشێوەیەک هەموو ساڵێک وەرزی یەکەم لە یەکی ئادار تاوەکو 30ی حوزەیران دەبێت؛ وەرزی دووەمیش لە یەکی ئەیلوول دەستپێدەکات تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەم؛ هیچ وەرزێکی یاسادانان کۆتایی نایەت تاوەکو یاسای بودجە پەسند نەکرێت؛ مانگانەش نابێت پەرلەمان لە هەشت دانیشتن کەمتر بکات.