دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان پەرلەمانی عێراق بەسەر چوار بەرەدا دابەش دەکات

07-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لەبارەی دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق، ناکۆکی لەنێوان فراکسیۆنەکانی سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق (شیعە، کورد، سوننە) هەیە، یەکەمیان لەگەڵ دەرکردنی ئەو هێزانە و دووەمیان دژیەتی و سێیەمیشیان دوو دڵە، بەڵام رایەکی دیکە لەنێو ئەو سێ پێکهاتانەدا هەیە کە چوارەمیانە و دەڵێت، بۆ دەرکردن یاخود مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، دەبێت مەرج هەبن.
 
پەرلەمانتارێکی شیعە دەڵێت: "ئەگەر بڕیارێک بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا هەبێت، سەرجەم فراکسیۆنەکانی شیعەکان دەنگی بۆ دەدەن." پەرلەمانتارێکی سوننەش دەڵێت: "دەرکردنی هێزە بیانییەکان رەهەندی دوورمەودای هەیە و کێشە دەهێنیتە رێگەی عێراق."
 
شیعەکان ئەمجارەش تەنیان
 
چوار ساڵ لەمەوبەر، لە رۆژی 5-1-2020 و دوو رۆژ دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی؛ پەرلەمانی عێراق بەبێ کورد و سوننە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی بیانیی لە عێراق دەرکرد، ئێستاش دوای چەند رۆژێک لە کوشتنی موشتاق تاڵیب سعێدی، بەرپرسی سەربازیی بزووتنەوەی نوجەبا لەلایەن ئەمریکاوە، شیعەکانی پەرلەمانی عێراق جوڵەیەکیان بۆ پابەندکردنی حکومەت بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لەماوەی سێ مانگدا دەستپێکردووە، بەڵام پێدەچێت بۆ ئەم جارەش شیعەکان بەتەنیا بمێننەوە.
 
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، کە شیعەیە، رۆژی یەکشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فراکسیۆنە شیعەکان یەکدەنگن و هەموویان لەگەڵ دەرکردنی هێزە بیانییەکانن بە سەربەخۆکانیشەوە و بەوانەشی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیشدا نین، کە ژمارەیان زیاتر لە 180 پەرلەمانتار دەبێت."
 
ئەو پەرلەمانتارە شیعە گوتیشی: "بڕیاری یەکلارییکەرەوەمان ئەوەیە عێراق پێویستی بەو هێزانە نەماوە و دەرکردنیان عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتێکی خاوەن سەروەریی تەواو و بێ کەموکورتی."
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراقدا هەن، هەروەها 900 سەربازیش لە سووریان لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش، ئەو گرووپەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا پانتایەکی فراوانی لەو دوو وڵاتە داگیرکردبوو و دواتر بە گورزی ئاسمانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزی پیادەی ناوچەکە بەرپەرچدرانەوە.
 
کورد نایەوێت هاوپەیمانان لە عێراق بڕۆن
 
لە پەرلەمانی عێراق فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، بە سەرجەمیان خاوەن 61 کورسین، تاوەکو ئێستا هیچ پەرلەمانتارێکی ئەو پێنج فراکسیۆنە لەنێو ئەو لیستەدا نییە کە واژۆ کۆدەکەنەوە بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەشێک لەو پەرلەمانتارانە لێبووردنیان خواستووە لە واژۆکردن بۆ پرسێکی ئاوا، بەشێکیشیان گوتوویانە: "بڕیاری سەرووی خۆمانمان پێ نییە."
 
رۆژی یەکشەممە، 7-1-2024، چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "باوەڕ ناکەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەگەڵ بڕیاری چوونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بن، هەرچەندە هێشتا مەترسیی داعش ماوە، بەڵام کورد و هەرێمی کوردستان لەگەڵ مانەوەی ئەو هێزانەیە تاوەکو ئەو کاتەی بە کردەیی پێویستی بۆ هێزانە نامێنێت و عێراق تەواو سەقامگیر دەبێت."
 
بەپێی زانیارییەکان، بەشێکی پارێزگاریی کورد و سوننەکان لە دژایەتیکردنی بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە "ئەگەری هەیە تاکڕەوی بە بڕیارەکانەوە لەلایەن شیعەوە دروست ببێت."
 
لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2011، کە لەساڵی 2003 بۆ رووخانی رژێمی سەدام حوسێن هاتبوونە وڵاتەکە، جارێکی دیکە ئەو هێزانە گەڕانەوە. لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014 عێراق لە رێگەی ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی ئەوکات بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاندبوو پێشوازی لە هاوکاری و یارمەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەن لە عێراق؛ ئەوکات عێراق جگە لە هاوکارییەکانی دیکە داوای هاوکاریی سەربازیی لە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا کردبوو.
 
سوننە؛ دوو دڵی و بایکۆت لە دوای بایکۆت
 
سوننەکان، کە لە دوای 10ـی حوزەیرانی 2014 داعش پەرتەوازەی کردن و هێشتا بەهۆی زاڵبوونی چەکدارانی شیعە لە ناوچەکانیاندا ناتوانن بۆ بەشێک لەو شوێنانە بگەڕێنەوە، ئەوانیش هاوشێوەی کورد لەگەڵ ئەوەنین هاوپەیمانان بچنە دەرەوەی عێراق، بەڵام لەنێوان بەرداشی ترسی تۆڵەسەندنەوە و تۆمەتبارکردنیان بە تۆمەتی جیا لەلایەن شیعەکان، ماونەتەوە، هەر بۆیە لە واژۆکردن بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان دوو دڵن.
 
نیهال شممەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پێکهاتەی سوننە، بە رووداوی گوت: "بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەو وڵاتە دەخاتە بەر مەترسیی ئەوەی کە دۆخەکە بەتایبەت پرسی دراو، پرسی هاوکاری سەربازی و چەندین شتی دیکە تووشی گرفت ببێت و عێراق نەتوانێت بەبێ ئەمریکا هەنگاو بنێت، بەتایبەت دەزانرێت کە ئەو بڕیارە تەنیا لێکەوتەی لەسەر لایەنی سەربازی نابێت."
 
ئەگەری زۆرە ئەگەر هەموو سوننەکانیش نەبێت، کە زیاتر لە 70 کورسییان هەیە، بەشی زۆریان بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بکەن، کە حکومەت ناچار دەکات پابەند بێت بە بڕیاری پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان.
 
رۆژی 5-1-2020، دوو رۆژ دوای کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بە مووشەکی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، پەرلەمانی عێراق، بەبێ ئامادەبوونی کورد و سونە و بە دەنگی تەنیا 168 پەرلەمانتار لەکۆی 329 پەرلەمانتار بڕیارێکی دەرکرد بۆ دەرکردنی هێزەکانی بیانی لە عێراق، بڕیارەکە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، ترسی پابەندکردنی حکومەت بەو بڕیارە، ئەگەری هەیە بەرەکان بکاتەوە، لەنێویاندا بەرەکانی شەڕ، چونکە دەگوترێت ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بچنە دەرەوەی عێراقەوە، ئەوە واتای کۆتاییهاتنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو هێزانە نایەت، کە بە هێرشکردنە سەر بنکە و سەربازانی تۆمەتباریان دەکات.
 
ئێستا ئەو بڕیارەی شیعەکان کار بۆ دەرکردنی دەکەن بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان، پەرلەمانی عێراقی لەنێوان لەگەڵ بوون، لەگەڵ نەبوون، بێدەنگی، لەگەڵ بوون و نەبوون بە مەرجەوە، پەرلەمانی دابەشکردووە. 

 

 

 

 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت