دادگەی فیدراڵی سکاڵایەک دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی نەوتی ئوردن رەتدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی دژی محەممەد شیاع سوودانی تایبەت بە فرۆشتنی نەوت بە نرخێکی هەرزان رەتکردەوە و دەڵێت، "ئەو بابەتە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتەکانی دادگەکەدا نییە." سکاڵاکارەکان دەڵێت، بەهۆی فرۆشتنی نەوت بە نرخێکی هەرزان ساڵانە زیاتر لە دوو تریلیۆن و 300 ملیار دینار زیان بە سامانی گشتیی عێراق دەگات.
 
رۆژی یەکشەممە 07-01-2024 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی خۆی لەبارەی سکاڵایەک بڵاوکردەوە، کە لە دژی هەرزانفرۆشکردنی نەوتی عێراق بە ئوردن تۆمار کرابوو و رەتیدەکاتەوە ئەو بابەتە بە نادەستووری بزانێت، چونکە بەپێی بڕیارەکەی دادگەکە ئەوە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەودا نییە.
 
سکاڵاکە لەلایەن هەریەک لە حەیدەر مەوات لازم، جەلال جەمال کەریم، بیلال سەمیر تۆفیق، زەفیر عەبدولحەسەن وەحید، مستەفا موحسین عەلی، دوعا عەباس عەبد، عەلیا عیمران مەحموود، لەیلا قاسم محەممەد و هیبە جاسم عەبدەوە، لە دژی محەممەد شیاع سوودانی تۆمارکراوە.
 
بەپێی سکاڵانامەکە، سکاڵاکارەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە، لە 1ی شوباتی ساڵی 2021 حکومەتی عێراق رێککەوتنی عێراق - ئوردنی درێژکردەوە، کە تێیدا عێراق رۆژانە بڕی 10 هەزار بەرمیل نەوت بە بەهای کەمتر لە 16 دۆلار لە نرخی رۆژ دەداتە ئەو وڵاتە.
 
لە سکاڵاکەیاندا ئەو کەسانە دەڵێن، ئەو پرۆسەیە بەهەدەردانی سامانەکانی عێراقە و پێدانی نەوت بە بەهای هەرزانتر لە خۆی بەو وڵاتە لەسەر حیسابی هاووڵاتییانی عێراقە، کارەکەش بە پێچەوانەی دەستوور ناودەبەن و داوا دەکەن، دادگەکە داوا لە سەرۆکوەزیران بکات کۆپییەکی ئەو رێککەوتننامەیان لەگەڵ ئوردن پێبدات و بە نادەستووریی بزانێت، چونکە بەپێی سکاڵانامەکە بەهۆی هەرزان پێدانی نەوت بە ئوردن، عێراق مانگانە بڕی 198 ملیار دینار زیانی پێدەگات، کە ساڵانە دەکاتە نزیکەی دوو تریلیۆن و 400 ملیار دینار.
 
دادگەی فیدراڵی دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی سکاڵاکە لە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندێتییەکانی ئەو نییە، بۆیە سکاڵاکەی رەتکردووەتەوە." جگە لە رەتکردنەوە، دادگەکە خەرجی و رسومات و کرێی پارێزەرانیشی خستووەتە سەر ئەو کەسانەی سکاڵاکەیان تۆمارکردووە.
 
عێراق لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی بۆ ئوردن، رۆژانە 15 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕ دەداتە ئەو وڵاتە.