لە بابل دوو برا مەچەکی خوشکێکیان دەبڕن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای بابل دوو برا هێرش دەکەنە سەر خوشکێکیان، کە خاوەنی یەکێک لە ئارایشتگەکانی شاری حلەی ناوەندی پارێزگاکەیە و دوای ئەوەی بە تووندی لەسەری دەدەن، بە ئامێرێکی تیژ مەچەکی خوشکەکەیان دەبڕن. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگاکەش یەکێک لەو دوو تۆمەتبارە دەستگیر دەکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو دوو برایە چەند جارێک هەڕەشەیان لەو خوشکەیان کردووە، کە ئارایشتگەکەی دابخات و هۆکارەکەشیان بۆ بابەتی کۆمەڵایەتی گەڕاندووەتەوە.
 
رۆژی شەممە 06-01-2024 دوو برا لە شاری حلەی ناوەندی پارێزگای بابل هێرشیان کردووەتە سەر ئارایشتگەیەکی ئافرەتان بەناوی "ب" و بە دەست و بە کەرەستەی دیکە لە خاوەنی ئەو ئارایشتگەیان داوە، کە خوشکیانە؛ پاشان مەچەکێکی بە ئامێرێکی تیژ دەبڕن و بۆ شوێنێکی نادیار هەڵدێن.
 
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پارێزگای بابل بە رووداوی گوت، "هێزەکانمان توانییان یەکێک لەو دوو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن، بەڵام برای دووەمیان شوێنی نادیارە."
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، سەرچاوەکەی پۆلیسی پارێزگای بابل گوتی، "ئەو دوو برایە پێشتر چەند جارێک هەڕەشەیان لەو خوشکەیان کردووە. بۆئەوەی ئارایشتگەکەی دابخات و پێیان گوتووە، لەبەر لایەنی کۆمەڵایەتی نابێت بەردەوام بێت، بەڵام خوشکەکەیان بەردەوام بووە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ئافرەتە دوای بڕینی مەچەکی لەلایەن دوو براکەیەوە، خوێنێکی زۆری لەبەر رۆیشتووە، پاشان پەیوەندیی بە کەسانی نزیکیەوە کردووە و مەچەکێکیان گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی حلەی فێرکاری.