پەرلەمانتارێکی عێراق: 70 واژۆ بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا کۆکراوەتەوە

07-01-2024
هێمن بابان رەحیم
حەیدەر محیاوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق
حەیدەر محیاوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی عێراق رایگەیاند، 70 واژۆ بۆ بڕیاری پابەندکردنی حکومەتی عێراق بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆکراوەتەوە. دەشڵێت، "هەموو فراکسیۆنەکانی شیعە لەگەڵ ئەو بڕیارەن و بەشێکی پێکهاتەکانی دیکەش پێیانوایە بوونی ئەمریکییەکان بەرژوەندیی عێراقی تێدایە."
 
رۆژی یەکشەممە، 07-01-2024، حەیدەر محیاوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشی دەکات و باسی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد و لە وەڵامی پرسیارێکدا رایگەیاند، "ئێمە پێویستمان بە هێزەکانی هاوپەیمانان نییە، ئێمەی عێراقی پێمانوایە هێزەکانی هاوپەیمانان ئەمڕۆ جێی نیگەرانین و پێویستە عێراقییەکان بە سەرجەم پێکهاتەکانیانەوە بەسەرجەم مەزهەب و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە قسەی خۆیان بکەن و دژی بوونیان راپەڕن کە سەروەریی عێراقی نەپاراستووە و راستیی ئەوە دەردەخات کە بوونی ئەوان بۆ دژایەتیکردنی تیرۆرە، بەڵام لە راستیدا بوونیان بۆ کردنە ئامانجی کەسایەتییەکانی عێراقە."
 
سەبارەت بە پێویستیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق گوتی، "من یەکێک بووم لە چەکدارەکانی رزگارکردن، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەندێک لە شەڕەکاندا تەگەرەبوو لە بەردەم خێراکردنی تەواوبوونی ئەو شەڕانە، ئەمڕۆ هێزی چەکدارانی داعش وەکو هێزی سەرەتایی دروست نابێتەوە، ئەمڕۆ بەشێوەی گرووپ کاردەکەن ماوەی جارێک دەرفەتەکان دەقۆزنەوە و کەلێنەکان دەقۆزنەوە، ئەو کەلێنانەش لە زۆرینەی ئەو وڵاتانە هەیە کە کێشەی ئەمنییان هەیە، ئەمڕۆ سوپای عێراق و وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی حەشدی شەعبی و برایان لە هێزەکانی پێشمەرگە تەواو ئامادەن لەڕووی زانیاریی هەواڵگریی و شەڕکردن لە هەر دزەکردنێک کە مافیاکانی داعش بیانەوێت بیکەن."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی عێراق روونیدەکاتەوە، "لەساڵی 2008 ئەزموونێکمان هەبوو بۆ دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق و بەکردەیی رێککەوتن کرا و لە ساڵی 2011 هەموو هێزەکانی ئەمریکا دەرچوون، لە ساڵی 2014 دوای دەرکەوتنی داعش، هێزەکانی عێراق پشتیان بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەست کە لەژێر ناونیشانی هێزەکانی دژە تیرۆردان، دوای تەواوبوونی ئەو پڕۆسانە، پێویستی بەو هێزانە نەماوە، ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق رژدین لەسەر دەرچوونی سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا و بیانییەکان، عێراق توانای بەرگریکردنی لە خۆی و پاراستنی سەروەرەی و خاکەکەی هەیە."
 
لەبارەی بۆچوونی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق لەسەر بڕیارەکە و کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا، حەیدەر محیاوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد، "سەرجەم فراکسیۆنەکانی شیعە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە و شەقامی شیعەش یەکدەنگە لەسەر دەکردنی ئەو هێزانە، ئێمە لەگەڵ مانەوەی دیبلۆماسین کە خۆی لە باڵیۆزخانە دەبینێتەوە، هاوشێوەی ئەو باڵیۆزخانانەی لە عێراق کاردەکەن، ئەوەی پەیوەندیی بە فراکسیۆنەکانی دیکەوە هەیە لە راستیدا نازانم هەڵوێستیان چۆنە، هەندێکیان پێیانوایە بوونی ئەمریکییەکان گرنگە بۆ پاراستنی خۆیان، بەڵام هەندێکی دیکەیان نەخێر پێیانوایە بوونی ئەمریکییەکان بەرژوەندیی عێراقی تێدا بێت، ئەوەی ئومێدی دەکەین هەڵوەستەیەکی راستەقینە لەلایەن سەرجەم هێزە سیاسییەکان هەبێت و دەنگێکی راستەقینەی عێراقی هەبێت چاودێریی بەرژەوەندیی هاووڵاتیی عێراقی تێدا بکرێت، چونکە ئەمڕۆ بەهۆی ئەو بنکانەوە عێراق وڵاتێکە سەروەرەییەکەی کەموکورتیی تێدایە."
 
++رووداو پرسیاری هۆکارەکانی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای هەولێر، لەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کرد، لە وەڵامدا گوتی، "هیچ بەڵگەیەک هەیە کە ئەو گرووپانە سەر بە حەشدی شەعبین؟ دەستەی حەشدی شەعبی دەستەیەکی فەرمیی سەربازییە و پەیوەستە بە محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە و فەرمان لە ئەو وەردەگرێت، گرووپە چەکدارەکان، یان مقاوەمەی ئیسلامی بیروباوەڕێکی تایبەت بە خۆیان هەیە و وەکو چۆن ئێمە پێمانوایە ئەوانیش پێیانوایە بوونی ئەو بنکانە داگیرکارییە لەژێر ناوی دیکەدا."
 
هەروەها ئەوەشی گوت کە" مقاوەمەی ئیسلامی باوەڕیان وایە کە شەڕکردن لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هەر هێزێکی بیانی پێویستە، بەڵام دامەزراوەی دەستەی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی فەرمییە و هیچ بارەگا و بنکەیەکی ئەمریکای بۆردوومان نەکردووە، دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بەو بابەتەوە نییە، ئەگەر بەڵگە هەبێت با بخرێتەڕوو، هیچ بەڵگەیەک لەسەر بەشداریکردنی حەشدی شەعبی لەو بابەتە نییە."
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرایکرد، "ئێمە لە لیژنەی بەرگری و ئاسایش یەکەم لایەن بووین داوامانکرد بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بکرێت، بۆ پشتیوانیکردنی بڕیاری حکومەت کە سەرۆکوەزیران باسیکرد بۆ تاوتوێکردنی دیاریکردنی کاتێک بۆ کشانەوەی ئەو هێزانە لە عێراق."

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت