داعش بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی لەئەستۆ گرت

07-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەی دوێنێ شەممە بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای سەلاحەدینی عێراق لەئەستۆ گرت و دەڵێت، دوو چەکداری حەشدیان کوشتووە و سێی دیکەشیان بریندار کردوون.
 
رۆژی یەکشەممە 07-01-2024 رێکخراوی داعش راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ شەممە بۆ سەر هێزێکی حەشدی شەعبی لە پارێزگای سەلاحەدین بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، "سەربازانی خەلافەت هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی حەشد لە نزیک پردی زەرگە لە رۆژهەڵاتی شاری تکریت، هێرشەکە بە چەکی مامناوەند و سووک و نارنجۆک بووە." بە گوتەی داعش، "بەهۆی هێرشەکەوە دوو چەکداری حەشد کوژران و سێی دیکەش بریندار کران."
 
شەممە 06-01-2024 کاوە شێخانی، راوێژکاری سەربازیی پارێزگاری سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ چەند چەکدارێکی داعش هەڵیانکوتاوەتە سەر فەوجی 5ی لیوای 22ی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و رۆژهەڵاتی دیجلەی حەشدی شەعبی، دوو چەکداری حەشدیان کوشتووە و سێی دیکەیان بریندار کردووە."
 
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، رۆژی 02-01-2024 راگەیاندنی هەواڵگریی سەربازیی عێراق رایگەیاند، "حەوت ئەندامی داعشمان لە بەغدا، کەرکووک، نەینەوا و ئەنبار دەستگیر کرد، کە هێزە ئەمنییەکانیان بە ئامانج گرتبوو."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، "ئەو ئەندامانەی داعش لە چەند بۆسەیەکدا لەلای راستی موسڵ، هەردوو ناحیەکانی مشاهەدە و فورات و لە هەردوو خاڵی پشکنینی شەهید سەبهان و تەڕکەلان دەستگیر کراون."
 
ساڵی 2014 داعش ژمارەیەک ناوچەی بەرفراوانی عێراق و سووریای کۆنترۆڵ کرد و "خەلافەتی" راگەیاند. ساڵی 2017 لە عێراق و باشووری کوردستان، هەروەها ساڵی 2019 لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەزاندنی داعش راگەیێندرا، بەڵام هێشتا شانە نووستووەکانی چالاکن و ناوبەناو هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان و کەسانی سڤیل.
 
راوێژکارێکی باڵای ئاسایشی عێراق، کە چاودێری جووڵەکانی داعش لە عێراق و دەوروبەری دەکات، نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت، "داعش شانەی نووستووی هەیە و چاوەڕێی دەرفەتی هێرشن."
 
بەپێی چەند بەرپرسێکی ئەمنیی عێراق، دوای شکانی داعش لە ناوچەکە، چەکدارە بیانییەکانیان بەرەو سنوورەکانی ئەفغانستان، پاکستان و سووریا رایانکردووە، لەوێ لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامیی خۆراسان یەکیانگرتووەتەوە، کە زۆربەی چالاکییەکانیان لەسەر سنووری هاوبەشی ئێران – ئەفغانستان – پاکستانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت