دادگەی فیدراڵی دژی پێدانی قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کۆدەبێتەوە

07-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک لە دژی پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران کۆدەبێتەوە، سکاڵاکە لەلایەن ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە تۆمار کراوە؛ داوا دەکات دادگەی فیدراڵی ناردنی پارە بە قەرز بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نادەستووری بزانێت.
 
رۆژی دووشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2024 دادگەی فیدراڵیی عێراق دانیشتنەکانی لە ساڵی نوێ دەستپێدەکاتەوە، بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەکە، بڕیارە بۆ تاوتوێکردنى چوار سکاڵا کۆببێتەوە، یەکێکیان لە دژى بڕیارێکى حکومەتى ناوەندیی عێراق تۆمار کراوە لە دژی پێدانی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمى کوردستان.
 
سکاڵاکە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە لە دژى محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق تۆمار کراوە و تێیدا داوای کردووە دادگەکە بڕیارێکی حکومەتی عێراق بە نادروست بزانێت، کە بڕیاری ناردنی دوو تریلیۆن و 100 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە، سکاڵاکە لە رۆژی 04-12-2023 دواخرابوو بۆ 08-01-2024.
 
رۆژی 17ی ئەیلوولی 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمى کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران و بە سێ گوژمەى 700 ملیار دینارى ئەو پارەیەى نارد، کە بڕیارە لە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى 2024 یەکلایی بکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت