لەبارەی رووداوەکەی یاریگەی بەسرە، عێراق پۆزشی بۆ کوێت هێنایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتیى تۆپى پێى عێراق پۆزشی بۆ هاوتا کوێتییەکەى هێنایەوە، بەهۆى ئەوەى شاندى وەرزشی-یان نەیانتوانى ئامادەبن لە ئاهەنگى کردنەوەى پاڵەوانێتى کەنداوى 25 لە بەسرە؛ یەکێتیەکە دەڵێت: "نیگەرانین کە هەندێک دۆخى رێکخستنى مەراسیمەکە لە رێچکەى راستى خۆى دەرچوو." 
 
رۆژی شەممە 7ى کانوونى دووەمى 2023، یەکێتیى تۆپى پێى عێراق راگەیێندراوێکى لەبارەى ئەو رووداوە بڵاوکردەوە، کە دوێنێ هەینى روویدا و بەهۆیەوە شاندى کوێت بۆ ئاهەنگى کردنەوەى پاڵەوانێتى کەنداوى 25 نەیانتوانى بەشداریی بکەن لە یاریگەى جەزع نەخلە لە بەسرە. 
 
عەدنان دەرجال، سەرۆکى یەکێتیى تۆپى پێى عێراق لەو راگەیێندراوەدا پۆزشی بۆ شاندەکەى کوێت هێناوەتەوە لەوەى کە نەیانتوانى بچنە نێو یاریگەکەوە و دەڵێت: "زۆر نیگەرانین لەوەى هەندێک دۆخى رێکخستنى مەراسیمى کردنەوەى چالاکییەکانى جامى کەنداو لە رێچکەى راستى خۆى دەرچوو." 
 
رۆژی 6ى کانوونى دووەمى 2023، یەکێتیى تۆپێى پێى کوێت لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانى دەربڕى بەرامبەر بەوەى ناوى ناوە "خراپى رێکخستنى" رێوڕەسمی کردنەوەى پاڵەوانێتى کەنداو 25 لە بەسرە و دەڵێت، بەو هۆیەوە شاندى وڵاتەکەى نەیتوانیوە ئامادەى ئاهەنگەکە بێت لە یاریگەى جەزع نەخلە لە بەسرە، هەمان رۆژ شاندەکە گەڕانەوە وڵاتەکەیان.
 
سەرۆکى یەکێتیى تۆپى پێى عێراق نیگەرانى دەربڕى لە پاڵەپەستۆى جەماوەر لەبەردەم یاریگەى جەزع نەخلە و شوێنى تایبەتى دانیشتنى یاریگەکە.      
 
رۆژی 6ى کانوونى دووەم، پاڵەوانێتى تۆپی پێى کەنداوى 25 لە شارى بەسرەى باشوورى عێراق دەستیپێکرد و ئاهەنگى کردنەوەکە لە یاریگەى جەزع نەخلە بەڕێوەچوو کە بە یاریگەى نێودەوڵەتیى بەسرە ناسراوە و تێیدا هەشت هەڵبژاردە بەشدارن کە هەڵبژاردەى کوێت یەکێک لە بەشدارانى پاڵەوانێتییەکەیە.