دەبێت بە زمانی كوردیش لەسەر پارەی عێراقی بنووسرێت

07-01-2014
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو- هەولێر

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق یاسایی زمانە فەرمییەكان پەسەندكرا، بەمەش زمانی كوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی بووە زمانی فەرمی دەوڵەت، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، دەبێ‌ حكومەتی عێراق دەقی یاساكە وەكو خۆی لە دوای 90 رۆژ لە پەسندكرنی جێبەجێ‌ بكات.

بەكر حەمە سدیق، ئەندامی پەرلەمانانی عێراق بە (تۆڕی میدیای رووداو)ی راگەیاند، كە بە گوێرەی یاسای زمانە فەرمییەكانی دەوڵەت كە ئەمڕۆ پەسەندكرا، دەبێ‌ حكومەتی عێراق دوای 90 رۆژ لە پەسەندكردنی ئەم یاسایە دەست بە جێبەجێكردنی بكات، بەمەش دەبێ‌ لە سەرجەم بەڵگەنامەو نووسراوە فەرمییەكانی دەوڵەت، هەر لە پول و پارە، پاسپۆرت‌، بەڕێوەچوونی دانیشتەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران‌ و ئەنجومەنی وەزیران زمانی كوردی بەكاربهێندرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی روونكردەوە، بە گوێرەی دەستوور كە لە ماددەی 4 بە روونی ئاماژەی بەو بوارانەكردووە كە پێویستە زمانە فەرمییەكانی تێدا بەكاربهێندرێت، دەرچوونی ئەو یاسایەش بۆ دیاریكردنی میكانیزم و رێوشوێنی چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو ماددە دەستوورییەیە.

بە گوێرەی ماددەی 4 لە دەستووری پەسەندكراوی ساڵی 2005 عێراق، زمانی عەرەبی و كوردی دوو زمانی فەرەمی دەوڵەتن‌و مافی عێراقییەكانی دیكەیە كە زمانی دایك فێری منداڵەكانیان بكەن، وەكو زمانی توركمانی و سریانی و ئەرمەنی. لە بڕگەی دووەم هەمان ماددە ئاماژە بە بەكارهێنانی هەر دوو زمانەكە لەم بوارانەی خوارەوە دەكاتەوە.

أ‌- پێویستە رۆژنامەیەكی فەرمی بە هەر دوو زمانەكە (عەرەبی و كوردی) دەربچێت.

ب‌- لە كاتی ئاخاوتن‌و گوزارشتكردن لە بوارە فەرمییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران‌، ئەنجوومەنی وەزیران‌، دادگاكان‌و كۆنگرە فەرمییەكان بە هەر دوو زمان دەبێت.

ج- كردنەوەی قوتابخانە بە هەر دوو زمان بە گوێرەی رێنماییەكانی پەروەردەیی.

ه- هەر بوارێكی دیكە پێویستە پرنسیپی یەكسانی رەچاوبكرێت بۆ نموونە: پارە و پاسپۆرتی گەشتكردن‌ و پول.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە