وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رووداو: میوانە لوبنانییەکانمان سەرپشکن لە گەڕانەوەیان
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت: زیاتر لە 36 هەزار لوبنانی لە عێراقن، هەر کەسێک لەوان بیەوێت بگەڕێتەوە ئاسانکاری بۆ دەکەین، ئەوانەی دیکەش لاریمان لە مانەوەیان نییە.
ئەمڕۆ هەینی، 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 20ـی ئەیلوولی ئەم ساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی رابردوو، 48 هەزار و 341 لوبنانی لە رێگەی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکانەوە هاتوونەتە عێراق؛ لەو ژمارەیەش زیاتر لە 36 هەزاریان تائێستا لە عێراق ماونەتەوە."
میقداد میری دەڵێت: "ئێمە وەکو حکومەت بڕیاری گەڕانەوەیان نادەین، بەڵکو ئەو بڕیارە لەدەست خۆیاندایە، هەر کەسێک لەوان بیەوێت بگەڕێتەوە ئاسانکاری بۆ دەکەین و ئەوانەشی مانەوەیان دەوێت هیچ کێشەیەکمان لەگەڵیاندا نییە و با بمێننەوە."
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رووداوی گوت: "لە رۆژی 4ـی ئەم مانگەوە گەشتەکانی نێوان بەغدا و بەیرووت دەستیانپێکردووەتەوە، گەشتەکانیش بەشێوەی خشتە بۆدانراو و خۆڕایین، خۆڕاییەکان ئەو لوبنانییانەن کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە شێوەی لیست بۆمان دەنێرن و ئێمەش گەشتەکانیان بۆ رێکدەخەین."
مەیسەم سافی دەڵێت، "رۆژی چوارشەممە، 150 لوبنانی و ئەمڕۆ هەینیش نزیکەی 150ـی دیکە گەڕاونەتەوە، سەرجەمیان لەو لیستانە بوون کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆیان ناردووین، بەڵام رۆژی پێنجشەممە هیچ گەشتێکمان نەبووە و رۆژانی داهاتوو گەشتەکان بەردەوام دەبن."
لەدوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو و دەستپێکی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، حیزبوڵڵای لوبنانیش دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل کرد، ئیسرائیلیش لە 23ـی ئەیلوول، بۆردوومانکردنی باشووری لوبنانی بە چڕی دەستپێکرد، دواتریش دەستی بە هێرشی زەوینی کرد. بەهۆیەوە هەزاران لوبنانی ئاوارە بوون؛ کە بەشێک لەوانە روویان لە عێراق کرد.
لە 27ـی تشرینى دووەمى 2024، ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و لوبنان بە فەرمى کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە.