حەیدەر عەبادی: ئەگەر شەڕمان بەسەردا بسەپێندرێت ئێمە پیاوی شەڕین

06-12-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حەیدەر عەبادی دەڵێت: ئەگەر شەڕمان بەسەردا بسەپێندرێت ئەوا ئێمە پیاوی شەڕین، بەڵام بە موزایەدە و سەرکێشیی کڕیاری شەڕ نابین.
 
ئەمڕۆ هەینی، 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، پەیامێکی لەبارەی دۆخی هەنووکەیی سووریا و مەترسییەکانی سەر عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەگەر شەڕمان بەسەردا بسەپێندرێت، ئەوا ئێمە پیاوی شەڕین، بەڵام بە موزایەدە و سەرکێشی شەڕ ناکڕین، ئەوانەی خەریکی هوتافی موزایەدەن پێویستە بێدەنگ بن."
 
حەیدەر عەبادی دەڵێت: "عێراقییەکان سەلماندوویانە کە لە رووبەڕووبوونەوەکان ناترسن؛ بەتایبەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کە ئێمە سەرمان پان کردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوانەی بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردنی وڵات بەرپرسیارێتی سەرکردایەتیی لە ئەستۆ بگرن، دەبێت کاری لەپێشینەیان بەڕێوەبردنی ژیرانەی قەیرانەکان و رزگارکردنی وڵات بێت لە سەرکێشیی و حیساباتی هەڵە."
 
لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر ئاماژە بەوە دەکات، "ناوچەکەمان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان دەکوڵێت، رزگارکردنی عێراق لە کارەساتەکان بە سەرکردایەتیی بوێرانە و هەڵوێستی حەکیمانە دەکرێت، چونکە ئەم ساتە وەختە مێژووییە ئەو کارەی پێویستە."
 
بە گوتەی عەبادی، "ئەگەر شەڕمان بەسەردا سەپێندرا ئەوا ئێمە پیاوی شەڕین لەپێناو پارێزگاری کردن لە عێراق، عێراق لە سەروو هەموو شتێکەوەیە و دەبێت هەوڵمان بۆ پاراستنی خاک، گەل، بەرژەوەندیی و سەروەریی وڵاتمان بێت."
 
دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە لایەک، هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا دەستپێکردووە و تا ئێستا کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شارەکانی حەلەب و حەمایان راگەیاندووە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە