عەباس عێراقچی: ئامادەین بە هەموو جۆرێک پشتیوانی لە خەڵک و سوپای سووریا بکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ و راوێژکردن لەسەر دۆخی سووریا. گوتیشی: ''ئامادەین بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی سووریا، بەو رادەیەی کە داوامان لێ بکرێت".
ئەمڕۆ هەینی 06-11-2024 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و بەسام سەباخ، وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای سووریا لە بەغدان.
عەباس عێراقچی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند: ''گفتوگۆیەکی زۆرباشمان هەبوو لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا و جەختمان لەوە کردەوە دەبێت لەوبارەوە گفتوگۆی زیاتر لە نێوان ئێران و عێراقدا هەبێت.''
بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵاتی ئێران، عێراق و سووریا کۆببنەوە. عێراقچی گوتی: ''لەلایەن سەرۆککۆمارەوە پێشوازییەکی زۆر لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئێمە لە بەغدا کرا و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەم دانیشتنانە بەردەوام بن.''
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبن لە راوێژ و گفتوگۆکردن بۆ پرسی ئاڵۆزییەکانی سووریا. ''ئێمە خوازیاری راوێژکردن و هاوئاهەنگین [لەگەڵ عێراق] بۆ هاوکاریکردنی حکومەت و گەلی سووریا.''
لە رۆژی 25ـی تشرینی دووەمی 2025ەوە، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپەکانی نزیکی، هێرشیان بۆ سەر سوپای سووریا دەستپێکرد و شاری حەلەب و حەمایان گرت.
عەباس عێراقچی هەڵوێستی بەرپرسانی عێراقی بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی سووریا بە ''زۆرباش'' ناوبرد و گوتی: ''بە تەواوی ئامادەین بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی حکومەت، خەڵک و سووپای سووریا، بەو رادەیەی کە داوامان لێ بکرێت.''
پێشتر لە 1-11-2024، لەگەڵ ئاڵۆزبوونى دۆخى سووریا، وەزیرانى دەرەوەى عێراق و سووریا بە پەیوەندیی تەلەفۆنى ئەو دۆخەیان تاوتوێکرد، هەمان رۆژ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران کرد و باسی مەترسییەکانى دۆخى سووریای لەسەر ناوچەکە کرد.