سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی: قەیرانى سووریا رووداوێکى نێوخۆییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی رایگەیاند، قەیرانى سووریا کاتێک لە نێوان حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن بێت، رووداوێکى نێوخۆییە و پەیوەندى بە عێراقەوە نییە.
فالح فەییاز، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی لە کاتی بەشداری لە دیدارى ئەمنیی نوێنەرانى هۆزەکانى نەینەوا، کە ئەمڕۆ هەینى لە شارى موسڵ بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکێش کرد.
سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی عێراق گوتى: "ئەوەى لە ناوچەکە روودەدات ئەگەر هەیە کاریگەرى لەسەر ئەو سەقامگیرییە هەبێت کە تێیداین و وا دەخوازێت ئامادەکارى بکەین، دەبێت بەرژەوەندى و دڵەڕاوکێکان تاوتوێ بکەین و لە سرووشتى ئەو رووداوانە بڕوانین بەتایبەت ئەوەى لە سووریا دەگوزەرێت".
لە 25ـی تشرینى دووەمی 2024ـەوە، چەکدارانى دەستەى تەحریر شام دەستیان بە هێرشکردنە سەر سوپای سووریا لە حەلەب کرد و لە ماوەیەکی کەمدا شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.
ئەو شەڕ و ئاڵۆزییەی لەو وڵاتە روودەدات، عێراقى ناچار کردووە رێوشوێنە ئەمنی و سەربازییەکانی سنوورەکەی لەگەڵ سووریا، تووندتر بکات.
فالح فەییاز گوتى: "هەڵوێستمان دەربارەى قەیرانى سووریا ئەوەیە کە رووداوێکى ناوخۆییە، کاتێک لە نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆندا روودەدات، عێراق پەیوەندى بەوەوە نییە، بەڵام کاتێک پرسەکە گرووپى تیرۆرستى بێت و مێژووى نزیک یاد دەکەینەوە نەوەک مێژووى کۆن، ئەوەى کە لەو وڵاتەوە بۆمان هات کاتێک داعش هێرشى کردە سەر عێراق لە رێگەى دەروازەى موسڵەوە".
ساڵى 2014 چەکدارانى داعش لە سنوورى سووریاوە هێرشیانکردە سەر شارى موسڵ و کۆنترۆڵیان کرد، بەدوایدا سێیەکى خاکى عێراق کەوتە دەست ئەو گرووپە.
سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی گوتى: "من ناڵێم کە دەتۆقین و دوودڵ دەبین، عێراقى ئێستا عێراقى 2014 نییە، موسڵى ئەمڕۆ موسڵى 2014 نییە، من ناڵێم لەسەر رێگەیەکى نموونەیین، بەڵام لە رێگەی بەرەوپێشچوونداین، کە بە ویستى خودا ئەنجامى باشى دەبێت بۆ عێراق و رۆڵەکانی".
سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی هۆشداری لەبارەی گرووپە چەکدارەکان دا و گوتی: "بیرهێنانەوەى سرووشتى ئەم گرووپانە کە بە هەمان ناوى داعش، قاعیدە، نوسڕە یان تەحریر شام بێت، یادکردنەوەمان ناگۆڕێت، شەوى رابردوو دیمەنى سەربڕین و کوشتنمان بینى لەسەر بنەماى شوناس، ئەمە وا لە هاووڵاتیی عێراقى دەکات نیگەران بێت و موچرکە بە لەشیدا بێت، لەبەرئەوەى رۆژانێکى ئەستەمى بیر دێنێتەوە".