رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى سەربازیی کەتیبەکانی عێراقى هۆشدارى دەدات لە ئەنجامەکانى بەشداریکردنیان لە شەڕى سووریا و دەڵێت: "موجاهیدەکان دەزانن سووریا بۆ عێراق چ گرنگییەکى هەیە".
جەعفەر حوسێنى، گوتەبێژى سەربازیی کەتائیبی حیزبوڵڵاى عێراقى وەڵامى پەیامێکى ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شامى دایەوە کە ئێوارەی پێنجشەممە ئاراستەى عێراقى کردبوو.
جەعفەر حوسێنى رووی دەمی لە جۆلانییە و لە پەیامەکەدا دەڵێت، "ئەگەر بڕیار بدەین بەشداری لە شەڕەکەدا بکەین، دەبێت بزانیت چیت بەسەر دێت."
محەممەد جۆلانی لە پەیامەکەی خۆیدا داوای لە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو رێگە بە حەشدی شەعبی نەدا دەستوەردان لە دۆخی سووریادا بکات.
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، یەکێکە لە پێکهێنەرانى حەشدى شەعبی. هەروەها خۆیان بە مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق دەناسێنن و لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە نزیکن.
جەعفەر حوسێنی هەروەها دەڵێت، "ئایا گەرەنتى پارێزراوى دەدەنە عێراقییەکان لەکاتێکدا پارێزراوی بۆ کەسانى بێ دەسەڵاتى میللـەت نییە، دەزانین کە موجاهیدەکان درک بەوە دەکەن سووریا بۆ ئێستا و داهاتووى عێراق چ مانایەکى هەیە!"
هەرچەندە حەشدی شەعبی جەخت لە پاراستنی پێگە و مەزارەکانی شیعە لە سووریا دەکاتەوە، بەڵام هێشتا رەزامەندی لەسەر چوونی هێزەکانی بۆ سووریا نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ