نووری مالیکی: هەڕەشەکردن لە بەربژێرەکانمان قبووڵ ناکەین

06-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، کەس ناتوانێت خەڵک لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ساردبکاتەوە و رێگرییان لیبکات. مالیکی دەشڵێت، "هەرچییەک بکەن، هەرچەندە تێکی بدەن و هەڕەشە بکەن، دەستبەرداری هەڵبژاردن نابین، چونکە نامەوێت عێراق ببێتە وڵاتێکی شکستخواردوو."
 
رۆژی چوارشەممە، 6-12-2023، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە دیداری جەماوەریی ئافرەتانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، گوتارێکی لە بەغدا پێشکێش کرد.
 
مالیکی کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە چەند پارێزگایەکی عێراق هێرشکرایە سەر نووسینگەکانی هاوپەیمانێتییەکەی و بارەگای بەربژێرەکانی و حیزبی دەعوە، دواتر سەدرییەکانی تۆمەتبار کرد، گوتی: "مافی خەڵکە بایکۆتی هەڵبژاردن بکات، ئەگەرچی گوتمان ئەوە رەوایەتییە، بەڵام کێ دەیەوێت با بایکۆت بکات و کێ دەیەوێت با بەشداری بکات، چونکە پرۆسەکە رکابەرایەتییە و با لەوێ رکابەرەکان رکابەرایەتی بکەن، بەڵام بۆ کەس نییە رێگری لە کەس بکات بەشداریی لە هەڵبژاردن بکات، مافی هیچ کەسێکیش نییە کەشێک دروست بکات هانی خەڵک بدات بەرەو هەڵبژاردن نەڕوات، هەروەها لە کەس قبووڵی ناکەین ئەو کارە گێرەشێوێنییانە بکات لە چەشنی دڕاندنی وێنە و شکاندن و هەڕەشەکردن لە بەربژێران و ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت دەنگبدەن، ئەو کەسە هەر کەسێک لێی قبووڵ ناکەین."
 
مالیکی بەبێ ناوهێنان، هێرشی کردە سەر موقتەدا سەدر و گوتی: "بۆ کەس نییە فەرمان بە خەڵک بکات و رێگرییان لێبکات لە مافەکانیان، ئەوەش مافێکی پیرۆزە و سازشی لێناکەین، بەڕوونی دەیڵێین دەستبەرداری هەڵبژاردن نابین، هەرچییەک بکەن، هەر هەوڵێک بدەن، هەرچەندە تێکی بدەن و هەڕەشە بکەن، دەستبەرداری ئەو رێبازە نابین، چونکە نامەوێت عێراق ببێتە وڵاتێکی شکستخواردوو."
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کە ناکۆکییەکی تەمەن نزیک بە 15 ساڵی لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەیە، گوتیشی "من ئاگادارم حکومەت جیدییە لە دەستگیرکردنی ئەو تێکدەرانە و رۆژانە دەیان کەسیان لێ دەستگیر دەکات و لە زیندانن، ئەوان رژدن لەسەر پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و بەربژێران و بانگەشەکانیان."
 
بڕیارە لە 18ى کانونى دووەمی 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت، نزیکەی شەش هەزار کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی بەشدار لەو هەڵبژاردنە.
 
مالیکی لەبارەی قسەی چەند کەسێک کە پێیانوایە ئەنجوومەنی پارێزگاکان زیادن، گوتی، "ئەنجوومەنی پارێزگا، پارێزگار دادەنێت و پارێزگار لادەبات، چاودێری دەکات، پڕۆژەکان پەسەند دەکات، بودجەی پارێزگاکە پەسەند دەکات، ئایا ئەمە بەهای نییە و زیادە؟ ئەگەر ئەو بنچینە سەرەکییەمان لە حکومەتە خۆجێییەکان لابرد، پارێزگا تەنیا ئیدارەیەکی جێبەجێکار دەمێنێتەوە، بێگومان برایان ئەو کارە دەکەن، بەڵام ئەرکێکە کەموکورتی تێدایە، پێویستی بە چاودێری و هاندان و لێپرسینەوە و ئاراستەکردن هەیە، ئەگەر نا پارێزگا بەبێ ئاراستە و لێپرسینەوە کاردەکات، بۆیە ئەنجوومەنی پارێزگاکان زیادە نییە."
 
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێشیوایە جێگرەوەی هەڵبژاردن بەرەو دیکتاتۆرییەت و تووندوتیژیی چوونە، ئەو لەو دیدارەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی هاوپەیمانێتییەکەی بەشدارییان کرد، گوتیشی: "لە هەڵبژاردن بەولاوە، هیچ شتێک گوزارشت لە ئیرادەی میلـلەت ناکات، هیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە بۆ ئەوەی گوێ لە خەڵک بگرین تەنیا ئەوە نەبێت کە بچینە سەر سندووقی دەنگدان، ئەگەر نەچینە سەر سندووقی دەنگدان بۆ ئەوەی رکابەرایەتییەکی شەریفانە بکەین بۆ ئەوەی سندووقەکان گوزارشت لە رای خەڵک بکەن، بژاردەی دیکەمان ئەوەیە بەرەو دیکتاتۆرییەت و تووندوتیژی و چەک و زۆرینە بڕۆین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت