دادگەی فیدراڵی سکاڵایەک لە دژی هێڵی ئاسنینی نێوان ئێران و عێراق رەتدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی وەزیری پێشووتری گواستنەوە و پەرلەمانتارێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقی لە دژی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران بۆ راکێشانی هێڵی ئاسنین لە پارێزگای خوزستانەوە بۆ بەسرە رەتکردەوە، پاساوەکەشی ئەوە بووە، کە رێککەوتنەکە لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتە.
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 6-12-2023، دادگەکە سکاڵایەکی عامر عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی پلانی ستراتیژی و رائید حەمدان مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقی رەتکردەوە کە داوایانکردبوو دادگەکە رێککەوتنی نێوان وەزیری گواستنەوەی عێراق و وەزیری گواستنەوە و شارسازیی ئێران کە لە 5-4-2023 واژۆکرابوو، رەتبکاتەوە، بەڵام دادگەکە سکاڵاکەی بە پاساوی "بەدینەهاتنی مەرجی بەرژەوەندیی پێویست بۆ سکاڵاکردن." رەتکردەوە.
 
عامر عەبدولجەبار، کە وەزیری پێشووتری عێراقە، رۆژی چوارشەممە رەتکردنەوەی سکاڵاکەی پشتڕاستکردەوە و بە رووداوی گوت، "عێراق هیچ سوودێکی ئەوتۆ لە راکێشانی ئەو هێڵە نابینێت لەکاتێکدا تێچووەکەی نزیکەی 10 ملیار دۆلار لەسەر عێراق دەکەوێت."
 
رۆژی 5ـی نیسانی ئەمساڵ عێراق و ئێران لەسەر راکێشانی هێڵێکی ئاسنین لە شەلامچەی ئێران تاوەکو بەسرە رێککەوتن. ئەوکات رەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوەی عێراق و میهرداد بەزەرباش، وەزیری گواستنەوەی ئێران رێککەوتنەکەیان راگەیاند کە درێژییەکەی 32 کیلۆمەتر دەبێت و ئێران پردێک لەسەر شەتولعەرەب دروستدەکات، کە بەپێی هەردوو وەزیر ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی شمەک لە ئێرانەوە بۆ عێراق دەکات.
 
بەڵام عامر عەبدولجەبار، وەزیری پێشووتری گواستنەوەی عێراق کە چەندین جار رەخنەی لە پڕۆژەکە گرتووە، دەڵێت هێڵی ئاسنین لەنێوان عێراق و ئێران بۆ کوشتنی بابەتی بەندەری فاوە، کە یەکێکە لە گەورەترین بەندەرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.