ئەردۆغان: دەتوانین هەموو کێشەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان چارەسەر بکەین

06-12-2023
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا پێش سەردانەکەی بۆ یۆنان، پەیامێکی بۆ گەل و حکومەتی ئەسینا نارد و رایگەیاند، تورکیا لەگەڵ دراوسێکانیدا هیچ کێشەیەکی نییە، کە نەتوانێت چارەسەری بکات. 
 
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی ئەسینا-ی پایتەختی یۆنان بکات. پێش سەردانەکەی، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ رۆژنامەی Kathimeriniـی یۆنانی کرد و باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد.  
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەکرد لەسەر بنەمای هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە-ئەسینا، سەردانەکەی دەکات و گوتی: "ئێمە هەر لە رابردووەوە جوگرافیایەک و دەریایەکی هاوبەشمان هەیە و یەک هەوا هەڵدەمژین. زۆر کێشە لە نێوانماندا هەیە کە نەمانتوانیوە چارەسەری بکەین و هەردوو وڵاتمان هەستی پێدەکەین". 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە درێژەی هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ رۆژنامە یۆنانییەکە گوتی: "وەک زۆر وڵاتی دیکە ئێمەش پێویستمان بە دۆست هەیە نەک دوژمن. بە بەردەوام ئەوەم گوتووە کە، ئێمە لەگەڵ دراوسێکانیدا هیچ کێشەیەکمان نییە کە نەتوانین چارەسەری بکەین". 
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی رابردوودا هەستیان بە گۆڕینی دیدگا و روانگەی یۆنانییەکان کردووە و دەڵێت "زانیویانە ئێمە گەلێک نین کە ئەو دەستانەی بۆ دۆستایەتی درێژ دەکرێن، نایگێڕینەوە. وەک چۆن دژی هەموو ئەوانە دەوەستین کە چاویان بڕیوەتە ئاسایشی گەلەکەمان، یەکپارچەیی خاکەکەمان و بەرژەوەندییەکانمان، ئاواش بۆ هاوکاری و دۆستایەتی ئامادەین".
 
لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: "ئێمە ئیرادەی پێویستمان تێدایە کە لە هەموو بوارێکدا لەسەر بنەمای یەکدی قبووڵکردن و بوونی متمانە، پەیوەندییەکانمان پەرە پێبدەین. ئێستا ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی هەردوولا، بە دامەزراوەییکردنی و پێشخستن و پەرەپێدانی ئەو لێکتێگەیشتنەیە".
 
ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا، مێژووییەکی کۆنی هەیە، چەند جارێک گەیشتووەتە پێکدادانی سەربازی. ناکۆکییەکانی ئەو دوو وڵاتە، سیاسی، ئابووری و چەندین رەهەندی دیکەیان هەیە. دوایینیان، بڕیاری هەردوو وڵات بوو بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوە سرووشتییەکاندا لە دەریای سپی ناوەڕاستدا. گۆڕینی ناسنامەی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردەوە. 
 
لەدوای جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی یۆنان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی 1832، هیچ کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا جێگیر نەبووە، ئەو دوو وڵاتە لە مێژووی خۆیاندا چوار جار بەشەڕ هاتوون:
 
جەنگی تورکیا - یۆنان ساڵی 1897
جەنگی بەلقانی یەکەم ساڵی 1912
جەنگی یەکەمیی جیهانی 1914-1918
جەنگی دووەمی یۆنان - تورکیا 1919 - 1922
 
لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو باشی چوون، هەردوو وڵات لە ساڵی 1952 بوونە ئەندامی ناتۆ. بەڵام جارێکی دیکە ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر دوورگەی قوبرس و دەرکردنی یۆنانییەکان لە تورکیا لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا پەرەی سەند، لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوانیان لە 1974 بە کۆنترۆڵکردنی باکووری قوبرس لەلایەن تورکیاوە کۆتاییهات، تاوەکو ئێستاش دەسەڵاتداریی بەسەر ئاوی ئیجە، خاڵێکی گەورەی ناکۆکی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە