دادگەی فیدراڵی سکاڵایەکی دیکەی لەبارەی مامەڵەکردن بە خواردنەوە کحولییەکان هەڵوەشاندەوە

06-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای چوار کوردی ئێزدی و کریستیانی هەڵوەشاندەوە، کە لەدژی یاسای داهاتی شارەوانییەکانی عێراق تۆمارکراون. بەپێی یاساکە، هاوردەکردن، بەکارهێنان، کڕین و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەخەیە. دادگەکە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی سکاڵاکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە پێشتر بڕیاری یەکلاییکەرەوەی لەبارەی ئەو دۆسیەیە داوە.
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ چوارشەممە، 6-12-2023، دادگەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سکاڵایەکی دا، کە لە لایەن چوار کەسەوە "دوو کریستیان و دوو ئێزدی" لە دژی یاسای داهاتەکانی شارەوانی تۆمارکرابوو.
 
لە سکاڵاکەدا هەریەک لە مەحما خەلیل، وەلید جاسم، کە ئێزدین، لەگەڵ نزار عیسا جبرائیل و غەزوان سالم، کە کریستیانن لە دادگەکە سکاڵایان لەسەر محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق کردبوو، داوایانکردبوو دادگەی فیدراڵی مادەی 14ـی یاسای داهاتەکانی شارەوانیی ژمارە یەکی ساڵی 2023 رەتبکاتەوە، کە بەپێی ئەو یاسایە؛ هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەخە دەکرێت.
 
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگەکە، ئەمڕۆ دادگەکە سکاڵاکەی هەڵوەشاندەوە، پاساویشی ئەوە بووە، کە پێشتر بابەتەکەی رەتکردبووەوە و سکاڵاکردن دیسانەوە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و ئەو پرسە بووەتە یاسا و لە رۆژنامەی وەقائیعیش بڵاوکراوەتەوە.
 
وەلید جاسم کوردێکی ئێزدییە و بازرگانە، رۆژی 24-10-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو "ئەو مادەیەی یاسای شارەوانییەکان پێشێلکاریی دەستوور و مافە تاکەکەسییەکانە و رەچاونەکردنی پێکهاتەکانی دیکەی جگە لە موسڵمانانە لە عێراق، بۆیە سکاڵامان لە دژی تۆمارکردووە." 
 
بەگوێرەى یاسای داهاتى شارەوانییەکان کە 22ـی شوباتى 2023 بڵاوکرایەوە، هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەخە دەکرێت، سزاکەشی لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نابێت و لە 25 ملیۆن دیناریش زیاتر نابێت.
 
مانگی ئاداری ئەمساڵ، لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، 12 سکاڵا دژی یاسای داهاتی شارەوانییەکانی عێراق تۆمارکران.
 
رۆژی یەکشەممە، 27ـی ئابى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دوایین کۆبوونەوەى لەبارەى سێ سکاڵاوە کرد کە لە دژى بڕگەیەکى یاسای داهاتى شارەوانییەکانى عێراق تۆمارکرابوو و، سکاڵاکانى رەتکردەوە.
 
دوای ئەوەی رۆژی 20ـی شوباتی ئەمساڵ وەزارەتی دادی عێراق، یاسای داهاتی شارەوانییەکانی لە ژمارە 4708ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکردەوە، رۆژی 4ـی ئادار دەستەی گشتی گومرکەکانی عێراق لە نووسراوێکدا داوای لە سەرجەم خاڵە گومرکییەکان کرد، هاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان قەدەخە بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت