رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی پەرلەمانی عێراق نەکرا. سەرۆک فراکسیۆنێک لە پەرلەمان هۆکاری شکستهێنانی کۆبوونەوەکە روون دەکاتەوە.
رۆژی سێشەممە، 6-12-2022، سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبوونەوە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی پەرلەمان عێراق نەکرا.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق هۆکاری سەرەکیی کۆنەبوونەوەی پەرلەمانی عێراقی گەڕاندەوە بۆ ناکۆکیی لایەنەکان لەبارەی دەنگدان بە پلە تایبەتەکان و گوتیشی: "سیڤیی پلە تایبەتەکانیشمان بەدەستنەگەیشتبوو بۆ ئەوەی دەنگیان پێبدەین".
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران لە پەرلەمان بوون، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان نەچوونە هۆڵی کۆبوونەوەکە و بەو جۆرەش رێژەی یاسایی بەدەستنەهات.
سۆران عومەر گوتی، دیار نییە تاوەکو پێنجشەممە پەرلەمان کۆدەبێتەوە یان نا، چونکە پێنجشەممە دوایین رۆژە و دواتر پەرلەمان دەکەوێتە پشووی وەرزی زستانەی یاسادانانەوە.
رۆژی 5ى کانوونى یەکەمى 2022، سەفوان گەرگەرى، ئەمیندارى گشتیى پەرلەمانى عێراق بەوەکالەت بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە کۆبوونەوەى رۆژی سێشەممەى پەرلەمانى عێراقدا دەنگ بۆ پڕکردنەوەی چەند پۆستێک دەدرێت کە هەندێکیان هەر ئێستاش کەسیان بۆ دانراوە، بەڵام پڕکردنەوەکە پێویستی بە متمانەی پەرلەمانە، وەک سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیى کۆمار، بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڕێوەبەرى نووسینگەى سەرۆکى پەرلەمانی عێراق و ئەمیندارى گشتیى پەرلەمانى عێراق."
سەفوان گەرگەرى ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پۆستانە بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن و گوتیشی: "دوو پەرلەمانتارى دیکەى جێگرەوەى پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانى فراکسیۆنى سەدر سوێندى یاسایی دەخۆن."
رۆژی 12ـى حوزەیرانی ئەمساڵ، 73 پەرلەمانتارەکەى فراکسیۆنى سەدر لە پەرلەمانى عێراق دەستیان لەکارکێشایەوە و بەربژێرانى دیکە جێگەیان گرتنەوە کە زۆرینەیان بەربژێرى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بوون.
بەپێی بەرنامەی کار، بڕگەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بریتی بوون لە:
- دەنگدان بە ژمارەیەک لە پلە تایبەتەکان.
- سوێندخواردنی دەستووریی هەندێک لە پەرلەمانتاران.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای گەیاندن و زانیارییەکان.
- راپۆرت و گفتوگۆ (خوێندنەوەی دووەم) بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری چوارەمی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی.
- راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەبارەی (زانیارییەکانی نووسراوی وەزارەتی ژینگە/ سەنتەری خۆپارێزی، لەبارەی ژەهراویبوونی پەیین کە کۆمپانیای پەیینی باشوور بەرهەمی هێناوە).
- راپۆرتی لیژنەی تەندروستی و ژینگە بەشدار لە کۆنگرەی وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا (COP27) لەبارەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا.
- گفتوگۆی گشتی.
لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا کە رۆژی شەممە، 03-12-2022، بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی 208 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو، بەنگین رێکانی وەکو بەربژێری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و نزار ئامێدی وەکو بەربژێری وەزیری ژینگەی عێراق پێشنیاز کران و متمانەی پەرلەمانتارانیان بەدەستهێنا و سوێندنی دەستوورییان خوارد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ