ئەمساڵ 29000 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق روویانداوە

06-12-2021
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە بەغدا
رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە بەغدا
نیشانەکردن ئاگرکەوتنەوە
A+ A-
 
رووداو - بەغدا

دوای کەوتنەوەی ئاگر لە بازاڕەکە، سێ رۆژە دووکاندارانی بازاڕی شۆڕجە لە شەقامی رەشید سەرقاڵی پاککردنەوەی سووتماکی ئاگرەکەن. ئەمە 29یەمین ھەزار روودای ئاگرکەوتنەوەیە کە ئەمساڵ لە عێراق تۆمارکراوە. ئاگرێک کە زیانەکانی بە سەرووی چوار ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
 
کازم فەرحان و حەسەن ھادی بە گوتەی خۆیان، پێنج دەفتەر [50 هەزار] دۆلار زیانیان بەرکەوتووە و دەڵێن، حکومەتیش ئامادە نییە قەرەبوویان بکاتەوە، لەبارەی ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش پێیان گوتراوە، "کارەبا بووە".
 
کازم فەرحان، دووکاندار دەڵێت، "دەبێت قەرەبووی دووکاندارەکان بکرێتەوە، بەشی دووەمی باڵەخانەکە بە تەواوی وێران بووە، کەچی قەرەبووکردنەوە نییە، حکومەت کوا قەرەبوومان دەکاتەوە، دەبێت ئێمە قەرەبووی حکومەت بکەینەوە".
 
حەسەن ھادی، دووکاندار ئاماژەی بەوە کرد، "وێنەی پێش دووکانەکان بگرن، ببینن تەنانەت پاشماوەی ئاگرکەوتنەوەکەش ھەڵناگرن گەر پارە نەدەین، دەبێت 25 ھەزار دینار بە شۆفڵەکان بدەین؛ ھەمووی لەسەر خۆمانە، پاککردنەوەش لە گیرفانی خۆمانە. بۆ کێ قسە بکەین خاڵۆ؟"
 
کەم رۆژ ھەیە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمار نەکرێت، بەرگریی شارستانی ھۆکاری سەرەکیی بۆ شۆرتی کارەبا دەگەڕێنێتەوە، پێشبینیش دەکەن رووداوەکانی ئاگرکەوتنە زیاتر بێت و تاوەکو کۆتایی ساڵ 30 ھەزار تێپەڕێنێت.
 
عەمید جەودەت عەبدولڕەحمان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی عێراق دەڵێت، "بەرزبوونەوەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە ھۆکاری سەرەکیی شۆرتی کارەبایە، بەھۆیەوە ساڵانە زۆرترین رێژە تۆمارکراوە، ھەروەھا لە رێگەی ئەو ئامێرانەی بە نەوت کار دەکەن ئاگر دەکەوێتەوە و ھۆکاری دیکەش ھەن کە ئاگری لێدەکەوێتەوە لەوانەش کاتی یاریکردنی منداڵان بە ئاگر و شەڕی عەشایەری و سەرچاوەی دەرەکیش ھەن کە پابەند نابن بە رێنوێییەکانی بەرگریی شارستانی".
 
زۆرترین رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لەو باڵەخانە و دامەزراوانە دەکەوێتەوە کە ماوەیەکی زۆرە دروستکراون و نۆژەن نەکراونەتەوە.
 
لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا 360 کارمەندی بەرگریی شارستانی لە کاتی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە گیانیان لەدەستداوە و 870 کارمەندیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە