رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزارى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق رایگەیاند، ئەوەى باسدەکرێت لەبارەى بەکارهێنانى خاکى عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، "بیانووە" و بەرژەوەندیى عێراق وا دەخوازێت زەوى و ئاسمانەکەى لە جەنگ دووربخرێتەوە.
ئەو ئەنجوومەنە رۆژی چوارشەممە 6ى تشرینى دووەمی 2024 بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان کۆبوونەوەى خولى خۆى کرد، کە بەرپرسانى باڵاى ئەمنى تێیدا بەشداربوون.
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەوەى باسدەکرێت لە بارەى بەکارهێنانى خاکى عێراق بۆ هێرشکردن یان کاردنەوەى"دەستدرێژییەکان" هیچ نین جگە لە "بیانوو" بۆ ئەوەى هێرشبکرێتە سەر عێراق و سەروەری و زەوییەکەى.
وەزیرانى بەرگرى، ناوخۆ، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی، دیارترین پێکھێنەرانى ئەنجوومەنى وەزارى ئاسایشى نیشتیمانین.
لەراگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەرژەوەندیى باڵاى عێراق ئەوە دەخوازێت کە کار لەسەر ئەوە بکرێت خاک و ئاسمانەکەى لەو جەنگە دووربخرێتەوە کە قەوارەی زایۆنی دەیەوێت فراوانى بکات لەسەر بنەماى سیاسەتى دوژمنکارانەى لە دژى وڵاتان و گەلانى ناوچەکە".
لیوا یەحیا رەسوڵ رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە شێوازى بەهێزکردنى خاڵى بەهێزى دۆسیەى ئەمنى کراوە لەگەڵ چارەسەرى "خێرا"ى ئاڵنگارییەکان.
بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل دەکات، کە 26ی ئۆکتۆبەر کردییە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی. ئێران رایگەیاندووە کە بە هاوبەشی لەگەڵ "بەرەی مقاوەمە" وەڵامی هێرشەکە دەدەنەوە.
ژمارەیەک گرووپی چەکداری شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023ەوە چەند جارێک بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ